بەڕێز ادریس نێچیرڤان بارزانی سەردانی زانای دیاری کورد بەڕێز دکتۆر رەشاد میرانی کرد

کولتوور | 7/12/2025
Idris Nechirvan Barzani Visits Distinguished Kurdish Scholar Dr. Rashad Miran

بەڕێز ادریس نێچیرڤان بارزانی، سەردانی بەڕێز (دکتۆر رەشاد میران)ی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردنی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد لە وڵاتی ڕووسیا.

لەمیانەی سەردانەکەیدا بەڕێزیان ئاماژەیان بەم دەستکەوتە گەورەیە کرد وەک شانازییەک بۆ هەموو کوردستانیان و باسی ئەوەی کرد کە ئەم دەستکەوتانە نموونەیەکی ڕاستەقینەن لە هەوڵی زانستی و لێکۆڵینەوەی بەردەوام کە ناسنامە و مێژوو و کولتووری کوردی زیاتر دەناسێنێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

خەڵاتی (پووشکین) یەکێکە لە بەرزترین خەڵاتە فەرمییەکانی وڵاتی ڕووسیا کە لەلایەن سەرۆک کۆماری ڕووسیاوە پێشکەش بە کەسانی لێهاتوو دەکرێت کە بەشداری بەرچاو و کاریگەریان هەبێت لە بواری کولتوور، زانست، هونەر و پەرەپێدانی مرۆڤایەتی.

دکتۆر ڕەشاد میران کۆمەڵناس و زانایەکی لێهاتووی بواری مرۆڤناسی کوردە کە لە ١٩٥٢دا لە شەقڵاوە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە و ماستەر و دکتۆرای لە پسپۆڕی ئێتنۆگرافیا لە لێنینگراد (روسیا)ی وەرگرتووە. لە ماوەی ٢٨ ساڵدا (١٩٩٣-٢٠٢١) مامۆستا بووە لە بەشی کۆمەڵناسی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەددین.

دکتۆر رەشاد میران زیاتر لە ٣٠ کتێب و توێژینەوەی زانستی و وەرگێڕانی بڵاوکردووەتەوە، ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی بووە.