ژمارەیەکی زۆری ئاوارە لە کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژن. بەهۆی نالەباری بارودۆخی ژیانیان، دەخوازن کاربکەن تاوەکو بتوانن ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان باشتر بکەن.
بەرواری ٤ی ئایاری ٢٠١٧ دەزگای روانگە لە چوارچێوەی پڕۆژەی روانگە فرص ( یەکێک لە پرۆژەکانی دەزگای روانگە) بە هاوبەشی لەگەڵ ( IFC ) ئەندامی گروپی بانکی جیهانی, راهێنانی بە ژمارەیەک ئاوارەی کەمپی بەحرکە کرد دەربارەی گرنگیدان بە بەکاربەر( کڕیار ) و بەڕێوەبردن.
کەمپی بەحرکە دەکەوێتە شاری هەولێر و پێشترکارگەیەکی دروستکردنی چیمەنتۆ بووە. بەهۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لەهاوڵاتیانی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش و ناوچە نائارامەکانی عێراق، نزیکەی ٤ هەزارئاوارە لەو کەمپە ژیان بەسەر دەبەن. دەزگای روانگە بەئامانجی بەهێزکردنی تواناکانیان لەبواری بازرگانیدا راهێنانێکی بۆ ژمارەیەک لە ئاوارەکانی کامپەکە ئەنجامدا.
کاوە غەفور، راهێنەر دەربارەی ناوەڕۆکی راهێنانەکە گوتی" دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بازاڕی کار و شارەزایی پێویست بۆ کارکردن لە بازار، بۆمان دەرکەوت بابەتی ( گرنگی دان بە بەکاربەر) یەکێکە لەگرنگترین بابەتەکان لە نیوان ئەو راهێنانەی پێشکەشی بە ئاوارەکان دەکەین''
پڕۆژەی روانگە فرص چەندین راهێنانی زنجیرەیی بۆ ئاوارەکان ئەنجامداوە تاوەکو ئاوارەکان بەهێزبکات لەوشارەزاییانەی پێویستیان دەبێت. راهێنانەکانی ئەمجارە سەبارەت بە بەکاربەر بوون تاوەکو ئاوارەکان بتوانن لە کاردا سەرکەوتوو بن. کاوە دوای راهێنانەکان گوتی ئاوارەکان ناوەڕۆکی راهێنانەکەیان بەلاوە گرنگ بوو '' لە ماوەی ئەو چەند کاتژمێرەی راهێنانەکانی تێدا ئەنجامدرا، بەشداربوان بە جۆشەوە گوێڕاگری وانەکانی راهێنانەکەبوون و چالاکانە بەشداریان لە گفتوگۆ و چالاکیەکاندا کرد''
راهێنانەکە لە ناوەندی کۆمەڵایەتی جەواهیری لە ناو کەمپەکە ئەنجامدران. یەکێک لە ئاوارە بەشداربووەکان راهێنانەکەی بە گرنگ باسکرد و گوتی'' زۆر بەسوود بوو. ئێستا زیاتر لە گرنگی بەکاربەر تێدەگەم. هەروەها زیاتر لە رۆڵی بەکاربەر تێگەیشتم کە کاریگەی زۆری هەیە لەسەر بەردەوامی کار و کۆمپانیاکان''
راهێنانەکە بەشێک بوو لەو رێککەوتننەی نێوای دەزگای روانگە و ( IFC) بەمەبەستی ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە کوردستاندا بۆ زیاتر پێشخستنی توانای گەنجانی کوردستان و ئاوارەکان. ئای ئێف سی ئەندامی گروپی بانکی نێودەوڵەتییە گەورەترین دامەزراوەی پەرەسەندنی جیهانە. هەروەها لەڕێگەی پڕۆژە هاوبەشەکانی ( IFC) زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لەسەرانسەری جیهاندا راهێنانی هاوشێوەی پێدراوە.