کەمئەندامان، بەتایبەتی نابینایان وەك چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەیانەوێت ببنە بەشێکی گرنگ و هێز و توانا و لێهاتوویان لە بازاڕی کاردا بەکاربهێنن و ببنە خاوەن کار و داهاتی خۆیان.
بەرواری ٢٦ی نیسانی ٢٠١٧، تیمی روانگە فرص بەشی دووەمی راهێنانی پیشەیی بۆ کەمئەندامان لە شاری سلێمانی ئەنجامدا کە بەشێکی زۆری بەشداربوانی راهێنانەکە کەسانی نابینابوون.
ئامانجی راهێنانەکان بەرزکردنەوەی توانا و کارامەیی کەمئەندامان بوو تاوەکو بتوانن لە بازاڕی کاردا هاوشانی تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگە بتوانن کار بدۆزنەوە و پیشەییانە بەردەوامبن لە کارەکانیان.
سەرکۆ ئەحمەد راهێنەری پڕۆژەی روانگە-فرص سەبارەت بە راهێنانی کەمئەندامان گوتی ''راهێنانی کەمئەندامان و بەتایبەتی نابینایان زۆر ئاسان نییە، بەڵام زۆر خۆشحاڵم کە توانیمان بەسەرکەوتوویی راهێنانیان پێبکەین. تێگەیشتنێکی زۆر باش لەنێوان تیمی راهێنەران و بەشداربوواندا هەموو.'' هەروەها سەبارەت بە ئامانجی راهێنانەکە زیاتر گوتی ''ئامانجی ئێمە ئەوەیە هیچ چینێکی کۆمەڵگە پەراوێز نەخرێت و هەمووی بە یەک چاو سەیر بکرێن. هەموو تاکێک مافی هەیە سودمەندی پڕۆژەکانی دەزگای روانگە بێت، بە تایبەتی پڕۆژەی روانگە-فرص''.
راهێنانەکە لە هۆڵی کۆمەڵگەی رۆژ لە شاری سلێمانی ئەنجامدراو ماوەی چوار کاتژمێر بەردەوام بوو، تێیدا زانیاری تەواو دەربارەی بابەتەکانی نوسینی زانیاری کەسی (سیڤی)، چاوپێکەوتن لەگەڵ خاوەنکار و ئاکارەکانی کار پێشکەش بە بەشداربوانی خولەکە کرا. هەروەها بەشداربووان بەشێک لە خوێندکاران و دەرچوانی زانکۆشی تێدا بوون.
بەهرام یەکێک بوو لە بەشداربوان. ئەو بەر لە بەشداریکردنی شارەزایی تەواوی نەبوو لە نوسینی زانیاری کەسی (سیڤی). بەهرام گوتی '' ئەوراهێنانەنە زۆر گرنگە بۆ ئێمە. جیا لەوەی زۆر شارەزابووم لە نوسینی سیڤی، هەروەها هاندانێکی باشیشبوو بۆ من تاوەکو سەرکەوتوانە بەدوای کاردا بگەرێم و خۆم زیاتر بەرەوپێش ببەم''.
پڕۆژەی فرص لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەوە رادەستی دەزگای روانگە کراوە. پڕۆژەکە لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی عێراق کار و چالاکی و راهێنان پێشکەشدەکات و لەلایەن دامەزراوەی مایکرۆسۆفت و رێکخراوی نێودەوڵەتی سێلەتیک ودەزگای روانگە بەرێوەدەبرێت. هەروەها چەندین کۆمپانیا و کار و راهێنانی جۆراوجۆری تێدا تۆمارکراون تاوەکو کارخوازان سودی لێوەربگرن. تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی ئەوکەسانەی لە پڕۆژەی روانگە فرص سودمەند بوون بریتیبوون لە ٢٢٣ هەزار و ٨٣١ کەس،کە زۆربەیان چینی گەنجان بوون.