ناوەندی راهێنانی لومینۆس خزمەتگوزاری پەروەردەیی نێودەوڵەتی پێشکەش بە گەنجانی ئوردن دەکات تاوەکو بتوانن لە بازاڕەکانی کاردا سەرکەوتووانە کاریان دەستبکەوێت.
بەرواری ١٢ی نیسانی ٢٠١٧، شاندێکی دەزگای روانگە سەردانی ناوەندی پەروەردەیی لومینۆس یان کرد لە عەممان تاوەکو هەمان ئەو ئەزموونە بهێنە ناوچەکە و هاونیشیمانیان سوودمەندی خزمەتگوزاریەکانی بن.
دەزگای روانگە ئامانجی ئەوەیە راهێنانەکان لە کوردستان بخاتە قۆناغێکی بەرزتر و کەسانێکی زیاتر سودمەندبن. ئامانجی سەردانەکە زیاتر ئاشنابوون بوو بە خزمەتگوزاریەکانی ئەو ناوەندە تاوەکو هەمان پڕۆژە بهێننە ناوچەکە.
لومینۆس پێکدێت لە چەند قوتابخانە و کۆلێژ و پەیمانگە لەناویاندا کۆلێژی قودس، ناوەندی راهێنانی ئارسانە، بێلا عوممان، پەیمانگەی ئێس ئەی ئی. هەروەها لومینۆس پلانی کردنەوەی چەندین ناوەندی دیکەی هەیە لە وڵاتەکانی ئوردن، مسر، لوبنان، سعودیا و عێراق.
عبدالسلام مەدەنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە گوتی '' راهێنانی پیشەیی کەلێنێکە لە سیستەمی پەروەردە و کەرتی گشتیدا. لومینۆس یەکێکە لە ئەزموونە سەرکەوتوەکانی ئەو بوارە. دەزگای روانگە، بە پشتگیری ( IFC ) ئەندامی گروپی بانکی جیهانی مەبەستییەتی ئەزموونی پەروەردەی لومینۆس بهێنێتە ناوچەکە.''
شاندی روانگە لەکاتی سەردانەکەیاندا، چاویان بە خزمەتگوزاریەکانی ئەو ناوەندە کەوت و دواتر کۆبونەوەیەکی سێ کاتژمێریان ئەنجامدا تاوەکو بتوانن لە داهاتوویەکی نزیک ئەو پڕۆژەیە لە ناوچەکە ئەنجام بدەن.
تیمی روانگە کە پێکهاتبوو لە عبدالسلام مەدەنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری روانگە و داستان قادر بەڕێوەبەری پڕۆژەکان، چاویان کەوت بە ئیبرایم ئەل سەفەدی، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی لومینۆس، زیاد بەدر بەڕێوەبەری هەرێم ( IFC ) ، راگری کۆلێژی قودس و چەندین کەسایەتی دیکەی پەیوەست بەو پرۆژەیە. دوای کۆبونەوەکە هەردوولا تاوتوێی میکانیزم و رێوشوێنی جێبەجێکردنی پرۆژەکەیان کرد بەمەبەستی جێبەجێکردنی لە عێراقدا.
دەزگای روانگە لە رێگەی چەندین پڕۆژە و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆرەوە هەوڵی بەرەوپێشبردنی توانای گەنجان دەدات تاوەکو بتوانن سەرکەوتوانە کار بدۆزنەوە. هەروەها بەردەوامیشە لە هێنان و بنیادنانی پڕۆژەی تازە بۆ خزمەتی زیاتری توێژی لاوان و گەشەپیدانی توانا و بەهرەکانیان.