ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بریکاری وەزیر، قایمقامی قەڵادزێ و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان (JCC)، بەڕێوەبەری سەنتەری راهێنانە پیشەییەکانی سلێمانی و قەڵادزێ و دانیشتووانی ناوچەکە، دەزگای روانگە رێوڕەسمی تەواوبوون و رادەستکردنی سەنتەرەکانی ئۆتیزم و مەشق و راهێنانی لە قەڵادزێ ئەنجامدا و پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیداری کردن.
کارەکانی سەنتەری ئۆتیزمی قەڵادزێ بریتیبوون لە: بە بۆیاخکردنی دیوارەکان، دابینکردنی دەرگا و پەنجەرەی نوێ، کاشی تایبەت بۆ منداڵان، رێکخستنەوەی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ، کەلوپەلی ئۆفیس (قەنەفە، مێز، کورسی، دۆڵابی تەختە، سپلیت، بەفرگر، تەختەی نووسین)، هەروەها دابینکردنی پێداویستی تەکنەلۆژیا (کۆمپیوتەر، شاشەی 4K، یاری گەشەپێدانی هزری)، و سیستەمی چاودێری پێشکەوتوو.
کارەکانی سەنتەری مەشق و ڕاهێنانی قەڵادزێش بریتیبوون لە: دابینکردنی ٣٣٠ ئامێر و کەلوپەلی تایبەت بە چاککردنەوەی مۆبایل و تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی تاقیگە و پارچەی یەدەگ، پێداویستی کار، کەلوپەلی ئۆفیس و ئامێری کارەبایی.
درووستکردن و بنیاتنانی ئەم سەنتەرانە هەنگاوێکی گرنگە بۆ خزمەتکردنی منداڵانی تووشبووی ئۆتیزمە لە سنوورەکە کە مەبەست لێی دابینکردنی ژینگەیەکی تایبەتە بۆ پەروەردەکردن و راهێنانیان، هەروەها پاڵپشتیکردنی خێزانەکانیان بە ڕێنماییە زانستی و دەروونییەکان بۆ هاوکاریکردنی باشتری منداڵەکانیان. هەروەها پەرەپێدانی توانا پیشەییەکانی گەنجان لە بواری تەکنەلۆژیا و چاککردنەوەی مۆبایل لەم ناوچەیەدا.