بە مەبەستی پتەوكردنی گیانی پێکەوەژیان، پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی گەنجان و پاراستنی ژینگە، دەزگای روانگە چادرگەیەکی لە ناوچەی (کانی تۆزێ – ناحیەی دینارتە) لە قەزای ئاکرێ ئەنجامدا.
لەم کەمپە دوو ڕۆژییەدا، ١٥٠ بەشداربوو لە پێکهاتە جیاوازەکانی (موسڵمان، مەسیحی، ئێزیدی) و مامۆستایان، شارەزایانی بواری چادرگە و دێدەوانی، رێکخراوە جیاوازەکان بواری ئافرەتان، لاوان، رۆژنامەنووس و میدیاکاران و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەشدارییان کرد.
ئامانجی سەرەکی چادرگەکە یەکگرتنەوە و ناسینی یەکتر و پەرەپێدانی گیانی هەرەوەزی، پاراستنی ئەرکە تاکەکەسییەکان لە کۆمەڵگەدا، هەروەها پاک راگرتنی سروشتی جوانی کوردستان.
ناوەڕۆكی ئەم چالاكییە چەندین بڕگەی لەخۆگرتووە، لەوانە: پێشکەشکردنی وۆرکشۆپ و ڕاهێنان لەسەر شێوازەکانی سەرکردایەتی و بەرزکردنەوەی هەستی بەرپرسیارێتی. ڕاهێنانی بەشداربووان لەبارەی کارامەییەکانی دێدەوانی، گەشتی ناو سروشت، یارییە وەرزشییە جۆراوجۆرەکان.