بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەتی وەرگرتنی ئەزموونی پیشەیی و کۆمەڵێک خول و راهێنان، دەزگای روانگە بەشداریكرد لە پێشانگای کار لە زانکۆی کوردستان هەولێر (UKH). لەم پێشانگایەدا، قوتابییان لە نزیکەوە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی راوێژی راستەوخۆی کار و رێنموونی سەبارەت بەو خزمەتگوزارییانەی دەزگای روانگە پێشکەشی گەنجان و قوتابییانی دەکات بۆ فراوانکردنی ئاسۆی کارسازییان.
وەک دەستپێشخەرییەک و بۆ یەکەمجار لەم پێشانگایەدا، دەزگای روانگە بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، پرۆگرامی پەروەردە و ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی (TVET)ی بۆ قوتابییان و دەرچووانی زانکۆی کوردستان هەولێر راگەیاند. ئەم پرۆگرامە زیاتر لە ١٠ بواری ڕاهێنانی پیشەیی لەخۆدەگرێت، وەک چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل ، سیستەمی کارەبایی، تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی سەردەمیانە، بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی، گرافیک دیزاین، وزەی خۆر، چاککردنەوەی مۆبایل ، کارامەییەکانی کۆمپیوتەر و چەندین بواری تری جیاواز کە ئامانج لێی ئامادەکردنی گەنجانە بە کارامەیی و کردارییانە بۆ بازاڕی کار.