دەزگای روانگە پێشوازیكرد لە پاڵەوانی وەرزشی (نامۆ فازیڵ). ئەم دیدارە وەک پێزانین و رێزلێنانێک بوو لەپای ئەو هەستە نیشتمانپەروەرییە قووڵەی بەڕێزیان، کە لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا بە دڵسۆزییەوە نوێنەرایەتیی کوردی کردووە و بە شانازییەوە ئاڵای کوردستانی بەرز راگرتووە.
لەمیانەی سەردانەکەدا بەڕێزیان ستایشی هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی دەزگای روانگەی کرد و سەرسامی خۆی دەربڕی لەبارەی ئەنجامدانی پڕۆژە و چالاکییەکانی دەزگای روانگە و هیوای بەردەوامی خواست.
گەنجانی وەک نامۆ، سەلمێنەری ئەو راستییەن کە وەرزش تەنیا کێبڕکێیەکی جەستەیی نییە، بەڵکو پەیامی خۆشەویستی و دڵسۆزییە بۆ خاک و نەتەوە. دەزگای روانگە هەمیشە ستایشی گەنجانی دڵسۆز و بەهرەمەند دەکات کە دەبنە جێگەی شانازی بۆ کۆمەڵگەکەمان و سەرچاوەی ئیلهام بۆ نەوەکانی داهاتوو.