دەزگای روانگە وەک هاوبەشێکی سەرەکی بەشداریکرد لە پێنجەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشانی پڕۆژەی NORAQ کە لە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی کۆچ (ICMPD) لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو.
ئامانجی سەرەکی پڕۆژەی NORAQ بریتییە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی ئابووری، یاسایی و دەروونی بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەڕێنەوە عێراق و هەرێمی كوردستان بە مەبەستی شیاندنەوەی بەردەوامیان لەناو کۆمەڵگەدا، لە پاڵ بەهێزکردنی توانای دامەزراوە ناوخۆییەكان بۆ بەڕێوەبردنی دروستی دۆسیەی کۆچ و هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی.
کۆبوونەوەکە نوێنەرانی وڵاتانی دانیمارک، فینلەندا، نەرویج، سوید، ICMPD و هاوبەشە سەرەکییەکانی پڕۆژەکەی کۆکردبووەوە بۆ بەرەوپێشچوونی کارەکان و داڕشتنەوەی ستراتیژی داهاتووی ئەو پڕۆژانەی کە لەلایەن (NORAQ)ەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەکرێن، هەروەها هەماهەنگییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دەزگای روانگە نوێترین زانیارییەکانی دەربارەی جێبەجێکردنی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە، پاڵپشتیکردنی پرۆسەی شیاندنەوە، بەشداری پێکردنی کۆمەڵگە و پتەوکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی خستەڕوو.