زیاتر لە ٢٠٠ منداڵ و دایک و باوکی منداڵانی ئۆتیزم لە سەرنتەری ئۆتیزم کۆبونەوە تاوەکو لە چالاکیەدا رۆژی جیهانی ئۆتیزم بەرز رابگرن.
بەرواری ٢ی نیسانی 2017 دەزگای روانگە بەهەماهەنگی قوتابخانەی لارای ناحکومی بەچەند چالاکیەکی هەمەجۆر رۆژی جیهانی ئۆتیزمیان یادکردەوە.
رێورەسمەکە لەچەندین چالاکی پێکهاتبوو لە نێوانیاندا نمایشێکی میوزیکی راستەوخۆ لەلایەن چەند منداڵێکی بەهرەمەندی قوتابخانەی لارا پێشکەشکرا. سەروین سەردار، دایکی منداڵێکی ئۆتیزمە گوتی '' ئەم چالاکیانە پێشتگیرین بۆئێمەی دایک و باوک و هەروەها منداڵەکانیشمان. چالاکیەکان پشتگیری و خۆشەویستی کۆمەڵگا بەبیر ئێمە دەهێننەوە و هاوکار دەبن تاوەکو لەگەڵ ئەو دایک و باوکانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە زیاتر ئاشنای یەکتربین و هاوکاری یەکدی بکەین''.
پێشتر قوتابخانەی لارای ناحکومی بە هاوکاری دەزگای روانگە پیشەنگایەکی هونەری ئەنجامدا لە پارکی شانەدەر بۆ نمایشکردنی کاری هونەری منداڵانی قوتابخانەکە ،کە پیشەنگاکە هاوکاربوو لەگەڵ بەدەستهێنانن و کۆکردنەوەی پاڵپشتی مادی بۆ دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆ ئەو منداڵانەی کە بە نەخۆشی ئۆتیزم دەناڵێنن. بەهار رەفیق، توێژەری دەروونی و بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم بەگرنگیەوە باسی لە چالاکیەکانکرد و گوتی '' بەهۆی قەیرانی دارایی توانای ئەوەمان نیە چالاکی رێکبخەین وهەروەها چەندین کەلوپەل و پێداویستی دیکەشمان پێویستبوو بۆ سەنتەرەکەمان. ئەو هاوکارییە پشتگیرییەکی گرنگ بوو بۆ سەنتەرەکەمان تەنانەت دایک و باوکەکانیش دڵخۆشترن ئەمڕۆ''
تێچووی چالاکیەکان لەلایەن بەشێک لەداهاتی پێشەنگاکە تەرخانکرا. هەروەها بەشێکی دیکەی داهاتەکە بۆ دابینکردنی پێداویستی پەروەردەییی وکامێرای سی سی تیڤی بۆ چاودێریکردنی منداڵەکان و جلوبەرگی منداڵان. سەرەڕای ئەوەش تێچووی دابینکردنی چاودێرێک بۆ منداڵەکانی سەنتەرەکە دابینکرا.