دەزگای روانگە پڕۆژەی پاڵپشتیی خانمانی دەستڕەنگینی شەقڵاوەی جێبەجێكرد.

لاوان | 25/5/2026
Rwanga Foundation Implemented the "Supporting Resourceful Women of Shaqlawa" Project

لە سۆنگەی باوەڕبوون بە وزە و بیرۆکەی ئافرەتان وەک ستوونی ئابووریی کۆمەڵگە، دەزگای روانگە پڕۆژەی (پاڵپشتی خانمانی دەستڕەنگینی شەقڵاوە)ی جێبەجێکرد. ئامانج لەم دەستپێشخەرییە، گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی تواناکانی خانمانی ناوچەکەیە بۆئەوەی كارەدەستییەكان و بەرهەمە خۆماڵییەکانیان بکەنە سەرچاوەیەکی داهاتی بەردەوام.

دوای خولێکی سێ ڕۆژەی چڕ؛ دەزگای روانگە توانای کۆمەڵێک لە ئافرەتانی خاوەن بەرهەمی خۆماڵی لە قەزای شەقڵاوە پەرەپێدا لە بوارەکانی ستانداردەکانی سەلامەتیی خۆراک، هونەری پاکەتکردن و دروستکردنی ناسنامە و بڕاند، بنەماکانی کارسازی و بازاڕسازی، و بازاڕێکی بۆ خستنەڕووی بەرهەمەکانیان کردەوە.

قەزای شەقڵاوە تەنها ناوچەیەکی گەشتیاری نییە، بەڵکو بەهۆی سروشتەکەیەوە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی بەرهەمی سروشتییە، کاتێک ئەم بەرهەمانە بە شێوازێکی تەندروست و بڕاندێکی تایبەت دەخرێنە بازاڕەوە، نەک تەنها دەبنە مایەی بژێوییەکی سەربەخۆ بۆ ئافرەتان، بەڵکو پارێزگاری لە میرات و کولتووری دەستی کاری ناوخۆییش دەکەن.