دوای ئەوەی بەهۆی لافاو و کارەساتە سروشتییەکانی ماوەی پێشووی قەزای چەمچەماڵ زیانێکی زۆر بەر قوتابخانەی لاوانی بنەڕەتی کوڕان کەوت، دەزگای روانگە بە هەماهەنگی لەگەڵ قوتابخانەی مەعاریفی نێودەوڵەتی، وەک پەرۆشییەک بۆ کەرتی پەروەردە و نەپچڕانی کاروانی زانست، ئەرکی نۆژەنکردنەوەیەکی گشتگیر و سەردەمیانەی ئەم قوتابخانەیەی گرتەئەستۆ.
لە رێوڕەسمێک دا بە ئامادەبوونی قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، سەرۆك زانكۆی چەرمۆ، و ژمارەیەک لە مامۆستایان، قوتابییان و کەسایەتییەکانی ناوچەكە، تیمی دەزگای روانگە قوتابخانەی لاوانی بنەڕەتی كوڕانیان بە نۆژەنكردنەوەی تەواوەتییەوە رادەستكرد كە دوو دەوامی تێدا دەكرێت و ٨٥٠ قوتابی تێیدا دەخوێنن.