بەرواری ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٨ بە ئامانجی بەیەکەوە بەستەوەی قوتابیان و دەرچوانی زانکۆی کوردستان-هەولێر لەگەڵ خاوەنکاران، پیشانگەی هەلی کاری زانکۆی کوردستان-هەولێر، بە هەماهەنگی دەزگای روانگە، بەڕێوەچوو.
لە پیشانگە یەك رۆژییەکەدا نزیکەی٣٠ خاوەنکار (کۆمپانیا و رێکخراو) بەشداریان تێداکرد. ئاری مامشەی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی زانکۆی کوردستان-هەولێر گوتی '' ئەم جۆرە چالاکیانە زۆر گرنگن بۆ ئاشناکردنی کارخوازان و خاوەنکاران، بەتایبەتی قوتابیانی زانکۆکەمان کە لەبازاڕی کاردا داواکاری زۆریان لەسەرە''.
پیشانگەکە لەناو زانکۆی کوردستان-هەولێر بەڕێوەچوو و ١١٦ هەلی کاری لەخۆگرتبوو و ٥٦٢ سیڤی پێشکەش بەخاوەنکاران کران.
ئاری رەجەب، رێکخەری پڕۆگرام لە دەزگای روانگە گوتی '' دەزگای روانگە بەردەوام دەبێت لەو ئەرکەی بۆ دەستەبەرکردنی سەکۆییەک بۆ بەیەک گەیاندنی کارخوازان بەخاوەنکاران لەڕێگەی پڕۆژەی روانگە فرص. پیشانگەکە نزیکەی ٣٠ کۆمپانیا و رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەخۆدەگرت لە چەندین بواری جیاوازدا لە نێویاندا بوارەکانی نەوت و غاز، پەیوەندی و گەشتیاری''.
کۆمپانیای وێزەفۆرد یەکێك بوو لەو کۆمپانیایانەی لە پیشانگەکە بوو و ٥ هەلی کاری پێشکەش بە قوتابیان کرد. هەیمەن عەلی، راوێژکاری کۆمپانیاکە گوتی '' ئێمە لێرەین بۆ وەرگرتنی تازە دەرچوان تاوەکو لە کۆمپانیاکەمان راهێنانیان پێبکرێت و ببنبە سەرکردە، ئەندازیاری بە ئەزموون و سەرپەرشتیار''.
دەزگای روانگە پڕۆژەی روانگە فرص بەڕێوەدەبات کە بریتییە کە سەکۆیەک کەهەلی کار و دەستپێشخەرییەکان بۆ هەمووان کۆدەکاتەوە ، بەتایبەتی لاوان و دەرچوانی زانکۆ، ئەوانەی بەپەرۆشن بۆ کارکردن، فێربوون و بەرەوپێشچوون. یەکێک لە چالاکییەکانی دیکەی پڕۆژەکە لەم ساڵدا بریتییە لە پیشانگەی کاری نێودەوڵەتی روانگە فرص ٢٠١٨ کە لە ٩ و ١٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨ لە پیشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت.