بەمەبەستی برەودان و پێشخستنی بواری پەروەردە لە هەرێمی کوردستان دەزگای ڕوانگە و کۆمپانیای نێودەوڵەتی هەواوی چەندین کەلوپەلی جۆراوجۆریان بۆ چەند قوتابخانەیەک لە شاری هەولێر و کۆیە دابین کرد.
بەرواری ٢٥ی ئایاری ٢٠١٦ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، دەزگای ڕوانگە و کۆمپانیای هەواوی بۆ تەکنەلۆجی واژۆ کردنی دابینکردنی چەندین کەلوپەلی پێویست وەک پەرتوک بۆ کتێبخانەکان و تێنسی سەر مێز و ئامێری فێنکەرەوەیان بۆ چەند قوتابخانەیەکی شاری هەولێر و قەزای کۆیە راگەیاند.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ( جاک لێنگ) بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای هەواوی لە هەرێمی کوردستان باسی گرنگی لە دابینکردنی ئەم کەلوپەلانە کرد بۆ قوتابخانەکان لەسەر داوای دەزگای ڕوانگە و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم پەیوەندییە لەگەل دەزگای ڕوانگە بەردەوامی دەبێت تاوەکو هاوکاری زیاتر ببخەشینە بەشی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا.
عبدالسلام مدنی بەرێوەبەرری جێبەجێکار لە دەزگای ڕوانگە، گرنگی ئەم پەیوەندیە نێودەوڵەتییانەی بە گرنگ وەسف کرد و هاوکاری چین و توێژەکانی کۆمەلگەی کوردستانی بە ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکی زانی لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا بەتایبەتی بواری پەروەردە کە پێویستی بە بەرەوپێشبردنی زیاتر هەیە. لەهەمانکاتیشدا مدنی داوای لە کەرتی تایبەت و بازرگانەکان کرد زیاتر بێنە پێشەوە لەگەڵ رێکخراوەکاندا هەماهەنگی زیاتر بکەن تاوەکو هەموو بەیەکەوە بتوانن زۆرترین خزمەتگوزاری ببەخشن کە ئەمرۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتەکان زیاتر پێویستی بە هاوکاری هەیە.
شایەنی ئاماژەیە چەند بەڕێوەبەرێکی قوتابخانەکان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئامادەییان هەبوو و خۆشحالی و سوپاسگوزاری خۆیان ئاراستەی کۆمپانیای هەواوی و دەزگای ڕوانگە کرد بۆ دابین کردنی کەلوپەلە پێویستییەکانیان و چارەسەر کردنی بەشێک لە کێشەکانیان.
تەواوی کەلوپەلەکان لە بەرواری ٢٦ی ئایاری ٢٠١٦ بەسەر قوتابخانەکانی کۆیە دابەشکرا لە هەفتەی داهاتووش رادەستی قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری هەولێر دەکرێت.