ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکان دەژین بەهۆی مانەوەی زۆریان و دووبارە بوونەوەی ژیانی رۆژانەیان و کەمی چالاکی جەستەیی، دووچاری فشاری دەروونی دەبنەوە. بە ئامانجی زیادکردنی چالاکیەکانیان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش و دەستەبەرکردنی تەندروستییەکی باش بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەرونیان، دەزگای روانگە پاڵەوانییەتییەکی تۆپی پێی ئەنجامدا بۆ ئاوارەکان.
بەرواری ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ ناوەندی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی روانگە لە پارێزگای دهۆک، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەکە پاڵەوانییەتیەکی تۆپی پێی ئەنجامدا بۆ ئاوارەکان لە یاریگای کۆمەڵگەی روانگە.
پاڵەوانییەتییەکە لە بەرواری ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ دەستی پێکرد و بۆ ماوەی ٢٥ رۆژ بەردەوام بوو و ٥٠٠ گەنجی ئاوارە کۆبوونەوە و بە شێوەی ٤٤ تیم بەشداریان تیاداکرد. هەروەها ژمارەیەک خۆبەخش هاوکاربوون لە بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی کردنی پاڵەوانییەتیەکە.
ئامانجی پاڵەوانییەتیەکە پشتگیری و هاندانی گەنجان بوو لە رێگەی چالاکی وەرزشی و بەهێزکردنی پەیوەندی و پێشخستنی توانا و بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکی و تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە.
خەلەف بەرکات حاجی، یەکێک لە ناوبژیوانەکان گوتی: '' من وەک کەسێکی وەرزشوان بە خۆبەخشی ناوبژیوانی پاڵەوانییەتیەکە ئەنجامدا بە ئامانجی ئەوەی وابکەم خەڵک بەشداری لە چالاکی وەرزشیدا بکات و بیکاتە چالاکییەکی رۆژانەی خۆیان. پاڵەوانییەتیەکە زۆر بە باشی رێکخرابوو و چالاکییەکی زۆر باشبوو بۆیە هەوڵدەدەم زیاتر بەشداربم و هاوکاربم لە راپەراندنی ئەم جۆرە چالاکیانە. هەروەها رێسا و رێکخستنەکەی بەجۆرێک بوو گشت تیمەکان دڵخۆشبوون بە دەرەنجامی کۆتایی''
لە یاری کۆتایی تیمەکانی (کۆچۆ) و (شیمال) کەوتنە بەرامبەر یەکتر بۆ دەستنیشانکردنی براوەی یەکەمی پاڵەوانییەتیەکە. تیمی شیمال لە یاری کۆتایی توانی نازناوی پلەی یەکەمی پاڵەوانییەتیەکە بەدەست بهێنێت.
شاکر خەلەف لە تیمی کۆچۆ و زیاد ماتۆ لە تیمی شیمال دڵخۆشی خۆیان نیشاندا بۆ بەشداربونیان لە پاڵەوانیەتییەکە. شاکر خەلەف گوتی '' بەهۆی پاڵەوانییەتیەکە کاتێکی زۆر خۆشمان بەسەر برد و کاتە ناخۆشەکانی خۆمان لەبیرکرد''
پاڵەوانییەتیەکە لە یاریگای کۆمەڵگەی روانگە ئەنجامدران لە کۆمەڵگەی روانگە. کۆمەڵگەی روانگە لە ساڵی ٢٠١٥ بە شێوازی کابینە لەلایەن دەزگای روانگە هاتەجێبەجێکردن و ٢٤ هەزار ئاوارە لەخۆ دەگرێت.