دەزگای ڕوانگە کۆنترین قوتابخانەی شاری هەولێر نۆژەن دەکاتەوە

پەروەردە | 5/4/2016
Rwanga Foundation conserves the Oldest School in Erbil

بەمەبەستی گرنگی دان بە بواری پەروەردە و پاراستنی شوێنە مێژووییەکانی ووڵات، دەزگای ڕوانگە لە هەڵمەتێکدا قوتابخانەی نیشتیمانی بنەرەتی لە گەرەکی خانەقای شاری هەولێر نۆژەنکردەوە.

بەرواری ٤ی نیسانی ٢٠١٦ دەزگای ڕوانگە لە رێورەسمێکدا کۆتایی بە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی نیشتیمانی بنەرەتی لە شاری هەولێر هێنا و رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی پەروەردەی هەولێری کردەوە و قوتابیان و مامۆستایان بۆ جارێکی تر دەستیان بە قۆناغی نوێی خوێندن کردەوە.

حەمەدەمین ناوپردانی بەرێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر گووتی:  “وەک هەموومان دەزانین کوردستان لەژێر قەیرانێکی گەورەدایە و با ئاسانی ناتوانین دەستبکەین بە نۆژەن کردنەوە و پاراستنی قوتابخانە کۆنەکان، بۆیە زۆر سوپاسی دەزگای ڕوانگە دەکەین کەم ئەم ئەرکە گەورەیان خستە ئەستۆی خۆیان و ئەم قوتابخانە مێژووییەیان لە داڕمان و لەناوچوون دەرباز کرد”.

قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەی نیشتیمانی بنەرەتی بەهۆی کۆنی و ناتەندروستی باڵەخانەکەوە نەیان دەتوانی بەردەوامی بە خوێندن و زانست و فێربوون بدەن و بیرۆکەی چۆلکردنی قوتابخانەکەیان لەلا دروست بوو، بەڵام دەزگای ڕوانگە لە هەڵمەتێکی کۆمەک کۆکردنەوەی نێودەوڵەتیدا توانی ئەم قوتابخانەیە بۆ جارێکی تریش بکاتەوە ماڵ و مەنزڵگەی فێربوونی زانست و پەروەردە.

سەباح رەجەب بەرێوەبەری قوتابخانەی نیشتیمانی بنەرەتی سەبارەت بە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە گووتی:  “ئەم نۆژەن کردنەوەیە بۆ ئێمە هاوکارییەکی زۆر بەجێ بوو لە کات و ساتی خۆیدا بوو چونکە قوەتابخانەکەمان بەکەلکی ئەوە نەدەهات درێژە بە خوێندنمان بدەین”.

دوای نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکەیان قوتابیان و مامۆستایان بە روویەکی گەش و شادییەوە هەنگاویان دەنا بۆ نێو قوتابخانەکە و لە نیگایانەوە هەست بە ئومێدێکی زۆرەوە دەکرا بۆ درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و فێربوون.

(بوخاری) قوتابی پۆلی پێنجەم لە قوتابخانەی نیشتیمان گووتی: ” نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو جگە لە جوان بوونی قوتابخانەکەمان ئێمە ئێستا کەلوپەلی زۆر و نوێمان هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە خوێندن وێنەکانیش زۆر جوان و سەرنج راکێشن”.

قوتابخانەی ( نیشتیمان)ی بنەڕەتی سێیەم قوتابخانەی هەولێرە، لە ساڵی ١٩٣٩ دروستکراوە. لەسەرەتادا ناوی ( اربیل الثالثە ) بووە و لە سالانی شەستەکان ناوی گۆڕدراوە بۆ ( الخالدیة ) و لە ناوەراستی ساڵانی هەشتاکاندا کراوە بە نیشتیمان. یەکێکە لە قوتابخانە دێرینەکانی شاری هەولێر کە چەندان نەوەی لێهاتووی پێگەیاندووە. لە ئاداری ٢٠١٦ لەلایەن دەزگای ڕوانگەوە لە سەرخواستی وەزارەتی پەروەردە نۆژەنکراوەتەوە.