دەزگای ڕوانگە و کونسلگەری ئیتالیا کۆبوونەوە

پەروەردە | 10/3/2016
Rwanga Foundation welcomes the new Consul of Italy in Erbil

لەسەر داوا و بانگهێشتی کونسولگەری ئیتالیا لە کوردستان، دەزگای ڕوانگە لەگەڵ کونسولگەری ئیتالیا کۆبوونەوە و باس لە پرسە گرنگەکان و بارودۆخی ئیمرۆی کوردستان کرا و رۆڵی رێکخراوە چالاکییە مەدەنییەکان تاوتوێکران.

بەرواری ٩ی ئاداری ٢٠١٦ ئەلێساندرا دی پیپۆ کونسولگەری گشتی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان بە نوسراوێکی فەرمی داوای دیداری دەزگای ڕوانگەی کرد بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە کار و چالاکییەکانی دەزگای ڕوانگە و رۆڵی رێکخراوە چالاکییە مەدەنییەکان لە بارودۆخی ئیمرۆی کوردستاندا.

عبدالسلام مدنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ڕوانگە تیشکی خستە سەر کارو پرۆژەکانی دەزگای روانگە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا و لەگەڵ پیشاندانی بەرنامەو و پلانی روانگە بۆ ساڵی ٢٠١٦ بەتایبەت لە بواری رەخساندنی هەلی کار و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان و کارا کردنی توانای لاوان لە نێو کۆمەڵگەدا.

ئەلێساندرا دی پیپۆ کونسوڵگەری ئیتالیا ستایشی دەزگای ڕوانگەی کرد بەمەبەستی ئەنجامدانی  کارو پرۆژەکانی کە لەماوەی دووساڵدا توانیویەتی ٨٣ پرۆژەی جۆراوجۆر بەئەنجام بگەیەنێت و هیواشی خواست کە زیاتر گرنگی بە رۆڵی ئافرەتانیش بدرێت تاوەکو تواناو کارامەییان لە نێوکۆمەڵگەدا بەرچاو بکەوێت و وەک کونسولگەری ئیتالیاش ئامادەییان هەیە بۆ پشتگیری و هەماهەنگ کردنی دەزگای ڕوانگە لە پرۆژەکانی داهاتوودا.