هێزی کاری کۆمەڵایەتی بۆ چارەسەری کێشەی قوتابیان کەوتە جێبەجێکردنەوە

پەروەردە | 9/3/2016
The Power of Social Workers to Solve Students Problems Activated

لە درێژەی کۆبوونەوەکان وتاوتوێ کردنی کێشەی قوتابیان و مامۆستایان و رۆڵی توێژەری کۆمەڵایەتی لە دەستنیشانکردن و  چارەسەرکردنی کێشەکانی قوتابیان و مامۆستایان دەزگای ڕوانگە بە هەماهەنگی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی پەروەردە و بەشی کاری کۆلێژی ئاداب سازی کردبوو.

کۆبوونەوەی ئەمجارە تایبەت بوو بە داخوازییەکانی توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان لە قوتابخانەکان و وەزارەتی پەروەردە کە نزیکەی ٥٥ بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی شاری هەولێر تیایدا ئامادەبوون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێبیستی خواست و پێداویستییە رۆژانەییەکان و زانستییەکانی توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان بن لە نێو قوتابخانەکاندا، بۆ ئەوەی رۆڵی کارا بگێرن لە دەستنیشان کردنی کێشەی قوتابیان و مامۆستاکان و دەستنیشان کردنی رێگە چارەی گونجاو.

توێژەرەکان چەند داواکاری و خواستێکیان پێشکەش کرد و لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بە زۆرینەی دەنگ داواکاری و خواستەکان پەسند کران و لە وەزارەتی پەوردەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنی بۆ دەردەچێت و تاوەکو لە سەرجەم قوتابخانەکانی کوردستان کاری پێبکرێت و رۆڵی گرنگی تویژەرە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر کارا بکرێت.

بەشێک لە خواستی توێژەرەکان بریتیبوون لە:

١. دابین کردنی شوێنی گونجاو بۆ توێژەرەکان

٢. ئاگادار کردنەوەی توێژەر لە هەر کێشەیەک و پشتگیری توێژەر بکرێت لە رووبەرووبوونەوەی هەر مەترسیەک لەسەریان.

٣. سەربەخۆبوون و رێگە نەگرتن لە کارەکانی توێژەر بەپێی خاسیەتی کاری خۆی و تەنها بەرێوەبەر بۆی هەیە بەشداری بکات لە هەرکێشەیەک ئەگەر پێویست بوو.

٤. بەشداری کردنی توێژەر لە بریارە گرنگەکانی قوتابخانە پەیوەست بە قوتابیان و بەشداری پێکردنی توێژەران  لە کۆبوونەوەکانی دایکان و باوکان.

٥. دابین کردنی بودجەیەک بۆ توێژەرەکان بۆ راپەراندنی کارەکانیان و دابین کردنی پێداویستییەکانیان.

ئەم خواستانەو چەندین خواستی تری پەیوەست بە کاری توێژەرەکان خرایە بەر باس و لێکۆلینەوە و لەسەر ئەنجامیشدا هەموویان لەلایەن لیژنەوە پەسند کران و چاوەروانی بڕیاری فەرمی وەزارەتی پەروەردە دەکریت.