بەرواری ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧، دەزگای روانگە لە چوارچێوەی پڕۆژەی روانگە فرص بەشداریکرد لە پیشانگەیەکی هەلی کار، کە لەلایەن سەنتەری تەکنەلۆجی و راهێنانی ئەورووپی(ETTC) رێکخرابوو لە شاری هەولێر.
پڕۆژەی روانگە فرص یەکێکە لە پڕۆژەکانی دەزگای روانگە کە ئامانجی بەیەکەوەگەیاندنی کارخواز و خاوەنکارە بە تایبەتی لە کەرتی تایبەتدا. پڕۆژەکە کاردەکات تاوەکو سەکۆیەك بێت بۆ راهێنانی بەردەوام بۆ فێربوون و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان، ئەمیش بە رێگەی چەندین خولی راهێنانی راستەوخۆ لە رێگەی ئینتەرنێت و مەیدانیدا بۆ بەدەستهێنانی گەواهینامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە خولەکان.
پیشانگەکە کە لە فاملی مۆڵ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆر لە کارخوازان بەشداریان تێداکرد. تیمی روانگە فرص لە پیشانگەکە ئامادەبوون، تاوەکو وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە سەبارەت بە چۆنیەتی خۆتۆمارکردن و سوودوەرگرتن لەپڕۆژەی روانگە فرص و رێبەری چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە پڕۆژەی روانگە فرص پێشکەشیانکرا. هەروەها ژمارەیەکی زۆر بڵاوکراوەی پەیوەست بە پرۆژەکە و چۆنیەتی سودمەندبوون لە پڕۆژەکە بەخشرانە کارخوازان.
شانۆ ئیبراهین، رێکخەری پڕۆژەی روانگە فرص گوتی '' لە دەزگای روانگە، ئێمە باوەڕمان وایە کە دەرفەت لە کاتێکدا هەڵدەکەوێت کە هەوڵ و کۆششی بۆبکەیت. بۆیە ئێمە زۆ چالاکانە کاردەکەین، تاوەکو دەرفەتی زیاتر بۆ لاوان و کارخوازان دابین بکەین. بەشداریکردنی ئێمە لەم پیشانگەی هەلی کارە، بۆ ئەوەیە رێبەری کارخوازان بکەین تاوەکو هەنگاوەکانی دۆزینەوەی کار فێرببن و سەردانی پۆرتاڵی روانگە فرص بکەن بۆ دۆزینەی هەلی کار و راهێنانی ئۆنڵاین (سەرهێڵ) ی بێبەرامبەر و نوسینی سیڤی ''
پیشانگەکە بۆ ماوەی یەك رۆژ بەردەوام بوو لە کاتژمێر ١١ی بەیانی تاوەکو ٨ی ئێوارە. هەروەها زیاتر لە ٢٠ خاوەنکار بەشداریان تێداکرد. کارۆخ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پڕۆژە لەسەنتەری تەکنەلۆجی و راهێنانی ئەورووپی(ETTC) کە رێکخەری پیشانگەکە بوو گوتی '' ئامانجی ئێمە بەستنەوەی کارخوازانە بە کار و خاوەنکاران. پیشانگەکە بە هاوبەشی رێکخراوەی ئەڵمانی GIZ رێکخراوە و ٢٢ کۆمپانیا و رێکخراو بەشداریان تێداکردووە. هەروەها پیشانگەی هەلی کار بەشێکە لە پڕۆژەیەکی ئێمە بۆ راهێنانو خستنە سەرکاری ١٢٠ کارخواز.''
شایەنی وەبیرهێنانەوەیە کە دەزگای روانگە لە تەمموزی ٢٠١٧ پیشانگەیەکی نێودەوڵەتی رێکخست و نزیکەی ٢٠ هەزار کارخواز ئامادەبوون لە ماوەی دوو رۆژدا نزیکەی ٢٠ هەزار کەس تیایدا ئامادەبوون.