دەزگای ڕوانگە بەمەبەستی بەشداری کردن لە کۆنفرانسی ساڵانەی نزای بەیانی نیشتیمان لە واشنتۆنی پایتەختی وولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە ساڵانە ساز دەکرێت بە فەرمی بانگهێشتکرا. عبدالسلام مدنی بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە دەزگای ڕوانگە لەگەڵ شاندێکی کوردی ئامادەی کۆنفرانسەکە بوو. هاوکات لەگەڵ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ناوبراودا چەندین دیدار و کۆڕ و سیمیناری هەمەچەشن بۆ شاندی کوردی و دەزگای ڕوانگە رێکخرا بەمەبەستی ئاگادار بوون لە بارودۆخی هەنووکەیی کوردستان و رۆڵی رێکخراوە چالاکیە مەدەنییەکان و پیشەییەکان لە مەیدانی کار و چالاکییەکانیاندا تاوەکو بشزانرێت لە کامە سۆنگەوە دەتوانرێت یارمەتییەکان بۆ کوردستان زیاد بکرێت.
زانکۆی جۆهنس هۆپکینس لە واشنتۆن سیمینارێکی بۆ شاندی کوردی ساز کرد و عبدالسلام مدنی لە پێشکەشکردنی ووتارێکدا ووتی: “دیموکراسی بەهایەکی زۆر دەبەخشێتە دامەزراوەکان، ئەمەیش پێویستی بە پەروەردەی نەوەکانەوە هەیە تاوەکو ئەم بەهایە لە ناخیاندا بڕوێنین. لە دەزگای ڕوانگە کار لەسەر پەروەردەکردنی نەوەی نوێ دەکەین بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نوێخواز. بێگومان لاوی ئەمرۆ سەرکردەی دوارۆژە، بەڵام ئەمرۆ دەبێت بە توانا و لێهاتوویەکانیان بەشداریان پێبکەین بۆ بونیاتی سبەی. بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانن رابەڕایەتی بکەن بە باشترین رێگە”. دواتر لە بەشێکی تری ووتارەکەیدا بۆ دەستکەوتنی پالپشتی زیاتری نێودەووڵەتی و خزمەتی زیاتر بە لاوانی کوردستان عبدالسلام مدنی ووتی: “هەلی کار یەک لە گرنگترین پرسەکانە بۆ لاوان لە کوردستاندا و راهێنانیان پێدەکەین لە فێربوونی بازاردا، هەڵسوکەوتی کار و وەک پردێک کارخواز و خاوەن کار بەیەک دەگەیەنین. بۆ گەیشتن بە دیموکراسی حکومەت، کەرتی تایبەت، کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت بەیەکەوە نەخشە رێگەیەکی باشتر بکێشن بۆ کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و ئاسایش. سیستەمێکی بەهێزی پەروەردەیی و دەرفەتی کار بۆ لاوان ئاستی توندتوتیژی کەم دەکاتەوە بە هەموو شێوازەکانییەوە”.
ئامانجی سەردانەکەی دەزگای ڕوانگە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە و ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوە و سیمیناری جۆراوجۆر زیاتر لێک نزیکردنەوەی رێکخراوە مرۆیی و چالاکییە مەدەنییەکانی ئەمریکا بوو لەگەل کوردستاندا بەمەبەستی ئەنجامدانی چالاکی خزمەتگوزاری زیاتر لە هەرێمی کوردستاندا و واڵا کردنی دەرگا بە ڕووی لاوانی کوردستاندا بۆ تێکەڵ بوون و بەشداریکردن لە کۆبونەوە و کۆنفرانسە جیهانییەکاندا و لەهەمان کاتیشدا پشتگری و هەماهەنگی لاوانی کوردستان بکرێت بۆ دامەزراندنی کاری بازرگانی بچووک.
ئەو دەزگا و رێکخراوانەی دەزگای ڕوانگە سەردانی کردن بریتیبوون لە:
United States Institute of Peace (USIP), Center for International Private Enterprise (CIPE), United States Agency for International Development (USAID) and US Congress. NDI National democratic institute. International bank.