کونسوڵگەری چین و دەزگای ڕوانگە هاوکاری قوتابخانەکانی کوردستان دەکەن

پەروەردە | 22/2/2016
Consulate-General of People’s Republic of China – Aid Kurdistan Students

بۆ هاوکاری کردنی قوتابیان و قوتابخانەکانی کوردستان کونسولگەری گشتی کۆماری چینی میللی لە هەولێر  نزیکەی ٢٠٠٠ کەلوپەلی خوێندن و پەروەردەیی رادەستی دەزگای ڕوانگە کرد بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا بەسەر قوتابیان و قوتابخانەکاندا دابەشی بکات.

بەرواری ٢٢ شوباتی ٢٠١٦ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لەنێو نوسینگەی سەرەکی دەزگای ڕوانگە بەڕێوەچوو کونسوڵگەری گشتی کۆماری چینی میللی لەهەولێر( تان بانغ لین ) و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ڕوانگە عبدالسلام مدنی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا واژۆی رادەستکردن و وەرگرتنی کەلوپەلەکان بەرێوەچوو.

تان بانغ لین کونسولگەری گشتی گوتی: ” ئەم کەلوپەلانە وەک قۆناغی یەکەمە بۆ هاوکاری کردنی منداڵان و قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان و ئێمەیش هاوکارییەکان رادەستی دەزگای ڕوانگە دەکەین و ئەوانیش سەرپشک دەبن بە پێی بەرنامە و پلانی خۆیان کەلوپەلەکان بگەیەننە دەستی خوێندکاران و قوتابخانەکانی کوردستان و ئێمەیش لەم جۆرە هاوکارییانە بەهەماهەنگی دەزگای ڕوانگە بەردەوامی پێدەدەین”.

بەهۆی بارودۆخی خراپی دارایی لە کوردستان و گرنگی گەشەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەزگای ڕوانگە هەوڵی دروستکردنی پردێک دەدات لەنێوان کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت لەرێگەی ئەم رێکخراوانەوە خزمەتگوزارییە مرۆییەکان لە کوردستان نەوەستێت و ببێتە هاوکارییەک بۆ دانیشتوانانی هەرێمی کوردستان.

دوای دروستکردنی پەیوەندییەکانی دەزگای ڕوانگە لەگەڵ رێکخراوە نیوەدەوڵەتییەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیتالیا، کەنەدا، ئیمارات، قەتەر و چەندین ووڵاتی دیکە. ئەمرۆ پەیوەندییەکانی گەیاندە ووڵاتی چین و لەرێگەی کونسوڵگەری گشتی کۆماری چینی میللی لەهەولێر وەک قۆناغی یەکەم توانی بڕێک لە هاوکاری و کەلوپەلی قوتابخانە بۆ قوتابییە هەژارەکان دەستەبەر بکات و ئومێدی ئەوەش هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوکارییەکان زیاتر و بەرفراوانتر بێت.