لە بەرواری ١٦ تاوەکو ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، دەزگای روانگە بە هاوکاری کۆمپانیای کوردنەفت ٥٠ هەزار لیتر نەوتی سپی بەسەر قوتابخانەکانی دەورووبەری هەولێر و دهۆك دابەشکرد.
بە ئامانجی هاوکاریکردنی پڕۆسەی خوێندن و دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ قوتابیان، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستان، کۆمپانیای کوردنەفت بە هاوکاری دەزگای روانگە پڕۆژەی دابەشکردنی نەوت بەسەر قوتابخانەکانی دەورووبەری هەولێر و دهۆك ئەنجامدا.
لە بەرواری ١٦ی کانوونی یەکەم، بڕی ١٤ هەزار لیتر نەوت بەسەر ٤٩ قوتابخانەی دەورووبەری شاری هەولێر لە ناوچەکانی (مێرگەسۆر، شێروان مەزن، ، بلێ، بارزان، پیران و مزنێ). هەروەها، لە رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەم ١٢ هەزار لیتری دیکەی نەوت بەسەر ٦٠ قوتابخانەی سەر بە قەزای چۆمان و ناوچەکانی (سمێلان، گەڵاڵە، حاجی ئۆمەران، قەسرێ، نێوپردان و دۆڵی باڵەيیان) دابەشکرا.
پرۆژەکە بە تەنها ناوچەکانی دەورووبەری پارێزگای هەولێری نەگرتەوە، لە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەم پرۆژەکە لە ناوچەکانی دەورووبەری پارێزگای دهۆك بەردەوام بوو بە دابین کردنی نزیکەی ٢٤ هەزار لیتر نەوت بەسەر٤٠ قوتابخانەی دیکە ( ١٤ لە قوتابخانە لە ئامێدی، ٨ قوتابخانە لە زاخۆ، ١٨ قوتابخانە لە ئاکرێ).
احمد محمد ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆ گوتی "لە وەرزی زستان ناوچەکەمان پێداویستییەکی زۆری سووتەمەنی هەیە و قوتابییەکانمان رووبەرووی زۆر گرفت دەبنەوە بەهۆی ساردی قوتابخانەکان، دەستخۆشی لە دەزگای روانگە و کۆمپانیای کوردنەفت دەکەم بۆ دابین کردنی نەوت بۆ قوتابخانەکانی سنووری مێرگەسۆر، هیوادارین بەردەوام بن لە پشتگیری کردنی پەروەردە و پرۆسەی خوێندن.''
جێگەی باسە ٥٠ هەزار لیتر نەوتەکە لە لایەن کۆمپانیای کوردنەفت دابینکرا و زیاتر لە ١٤٩ قوتابخانە و ١٣،٤٦٧ قوتابی و ستافی قوتابخانە کە بریتی بوو لە ٦٨٧٠ کەس لە رەگەزی نێر و ٦٥٩٧ کەس لە رەگەزی مێ لە پرۆژەکە سوودمەندبوون.