هەولێر، کوردستان (٥ی کانوونی یەکەم، ٢٠١٧) – دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش: دەزگای روانگە پڕۆژەیەکی نوێ لەژێر ناوی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش: لەپێناو کولتووری خۆبەخشیی' لە ڕۆژی جیهانیی خۆبەخشیی کە دەکاتە ٥ی کانوونی یەکەم رادەگەیەنێت، کە لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ەوە دەستپێدەکات. ئامانجی پڕۆژەکە بریتییە لە پاڵپشتی کردنی لاوان لە بەشداری کردنیان لە پێویستییە هەمەلایەنەکانی کۆمەڵگە و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی خۆبەخشیی.
کاری خۆبەخشیی بەگشتی بە یەکێک لە چالاکییە خۆنەویستییەکان دادەندرێت کە تێیدا کەسێک یان گروپێک بەبێ بەرژەوەندیی کەسیی و ماددیی خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک و کۆمەڵگە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی کات خۆبەخشان پێویستیان بە پشگیری کردن هەیە بەتایبەت لە ڕووی داراییەوە(بەبێ مووچە)، بۆ دابینکردنی خەرجی پێداویستی و کەلوپەل و ئامێر تاکو پڕۆژەکانیان پێ ئەنجام بدەن.
هەر لەبەر ئەوە، دەزگای روانگە پڕۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش' رادەگەیەنێت، کە هانی کچان و کوڕانی گەنج دەدات بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاری پڕۆژە و بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەک کە تێیدا پشتگیری دارایی دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان، بەمەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە کۆمەڵگە.
داستان قادر، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە دەزگای روانگە رایگەیاندن: "لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن گەنج هەیە کە تەمەنیان لە نێوان (١٨ بۆ ٣٠) ساڵیدایە، سەرەڕای نزیکەی ٣٥٠،٠٠٠ ئاوارە و پەنابەر، کە ئەم توێژە وەک چالاکترین و پڕ وزەترین توێژی کۆمەڵگە دادەندرێت. ئەگەر ئەم هێز و وزە گەورەیە بەشێوەیەکی دروست و گونجاو بەکاربهێندرێت، بە دڵنیاییەوە سوود و کاریگەری ئەرێنی زۆری دەبێت بەتایبەتی لەسەر لاوان و خانەوادەکانیان و هەروەها لەسەر کۆمەڵگە بەگشتی. هەربۆیە، هاندان و بەشداریپێکردنی گەنجان لە چالاکییەکانی کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی هەستی متمانە بەخۆبوون لەناویاندا زۆر گرینگە و پێوسیتییەکی حەتمییە!"
مەرجە گشتییەکان:
پڕۆژەکە دەبێت لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشیی بێت و بەلایەنی کەمەوە سوود بە سەد کەس لەناو کۆمەڵگە بگەیەنێت.
گەنجان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکوک، هەڵەبجە دەتوانن دەستپێشخەرییەکانیان پێشکەش بکەن لە ڕێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمی پێشنیاری پڕۆژە کە لەم لینکەدا بەردەستە: www.rwanga.org/YVI
دوو پڕۆژە لە هەر شارێک (کۆی گشتی دە پڕۆژە) پەسەند و پاڵپشتی دارایی دەکرێن.
هەر گروپێکی خۆبەش بەلایەنی کەمەوە دەبێت لە پێنج ئەندام پێکهاتبێت (تەمەنیان لەنێوان ١٨-٣٠ ساڵ بێت).
ئەو گروپانەی کە لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ پێکهاتوون زیاتر پەسەند دەکرێن.
ئەو گروپانەی کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیان تێدایە زیاتر پەسەند دەکرێن.
ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە نابێت لە دوو مانگ زیاتر بێت.
تێچووی گشتی هەر پڕۆژەیەک نابێت لە ٣٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی زیاتر بێت.
بودجەی پڕۆژەکە نابێت هیچ جۆرە مووچە و پاداشتێکی ماددیی بۆ خۆبەخشەکان تێدابێت، لەبەئەوەی دەستپێشخەرییەکە لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشییە.
پێشنیاری پڕۆژە دەبێت نووسراوی زانیاریی و وردەکاریی دارایی (زانیاریی بودجەی داڕێژراو) و وێنە و یان هەر دۆکیومێنتی تر وەکو نەخشە و دیزاین و ڕەزامەندییەکان کە پێویست بوو لەگەڵی دابێت.
دەبێت پێشنیاری پڕۆژە و هەموو دۆکیومێنتە پێویستەکان لە ڕێگەی ئەم لینکەوە: www.rwanga.org/YVI پێشکەش بکرێن.
لیژنەیەکی تایبەت کە پێکدێن لە نوێنەرانی دەزگای روانگە، سپۆنسەر، لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەت، شارەزایەک لە کۆمەڵگەی مەدەنیی و پسپۆڕێکی تەکنیکی پێداچوونەوە بە پڕۆژە پێشکەشکراوەکان دەکەن و دوو باشترین پڕۆژە لە هەر پارێزگایەک هەڵدەبژێرن.
بابەتی دەستپێشخەرییەکان:
دەستپێشخەرییەکان دەبێت لە چوارچێوەی ئەم سێکتەرانی خوارەوە بن:
پەروەردە
نۆژەنکردنەوەی باڵەخانە
هۆشیاری ژینگەیی
هۆشیاری تەندروستیی
هۆشیاری دژی توندوتیژی ئافرەتان
هاوکاریکردنی خەڵکانی لێقەوماو
وەرزش
پێکەوەژیانی کولتووریی
رۆژی جیهانیی خۆبەخشیی ( IVD-٥ی کانوونی یەکەم) بۆنەیەکی نێودەوڵەتییە کە لە ساڵی ١٩٨٥ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کراوە، کەلەم ڕۆژەدا دەرفەت دەڕەخسێندرێت بۆ کەس و گروپە خۆبەخشییەکان تاکو هەوڵ و بەشداریکردنیان بەرچاو بخەن – لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی- بۆ دەستکەوتی بەرەوپێشبردنی ئامانجی هەزارساڵە. کەمپینی ئەم ساڵی خۆبەخشانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێر دروشمی "خۆبەخشان دەستپێشخەرن. لێرە. لە هەموو شوێنێک." بەڕێوەدەچێت، بۆ پیشاندانی ڕێز بۆ هەوڵ و ماندووبوونی خۆبەخشان لەسەرتاسەری جیهان و بە دیاریکراوی بۆ پاڵپشتیکردنی خۆبەخشان لە دابینکردنی هاوکاری لە زەمەنی نائارامیی و کارەسات و قەیرانی مرۆیی.