دەزگای روانگە بەشداری دەکات لە هەڵمەتی جیهان پرتەقاڵی بکەن

لاوان | 26/11/2017
Rwanga Foundation Joins Orange The World Campaign

 رۆژی جیهانی  بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ساڵانە لەسەرانسەری جیهاندا بە شێوەی  هەڵمەتێکی ١٦ رۆژی بەڕێوەدەچێت بە ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و  کچان.  

بەرواری ٢٦ی تشرینی دووەمی  ٢٠١٧ دەزگای روانگە بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان،  هەڵمەتێکی ١٦ رۆژی دەستپێکرد بۆ ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک بە مەبەستی  بڵاوکردنەوەی هۆشیاری.

هەڵمەتەکە بەشێک بوو لەو هەڵمەتە نێودەوڵەتییەی لەسەرتانسەری جیهاندا ساڵانە لە ٢٥ی تشرینی دووەمەوە تاوەکو ١٠ی کانوونی یەکەم لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەشێوازی جۆراو جۆر ئەنجامدەدرێت. لە چالاکیەکانی رۆژی یەکەمی هەڵمەتەکە ژمارەیەک لە ئاوارەکانی کەمپەکە بەشداریان تێداکرد کە بریتیبوون لە ناساندنی رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و نمایشێکی شانۆیی بۆ پیشاندانی کاریگەریە نەرێنیەکانی توندوتیژی لە خێزان و کۆمەڵگەدا. بەشێکی دیکەی چالاکیەکان بریتیبوو لە نمایشێکی سەمای بالێ، کە لەلایەن چەند کچێکەوە پێشکەشکرا.

رۆژی جیهانی خۆبەخشان لە ماوەی هەڵمەتەکەدا بوو، لە رێگەی چالاکییەکەوە دەزگای روانگە ئەم هەلەی قۆستەوە بۆ بەرزنرخاندنی رۆڵی خۆبەخشان و بەتایبەتی ئافرەتانی خۆبەخش لە کۆمەڵگە. چالاکیەکە پێکهاتبوو لە پێشکەشکردنی هۆنراوە، گۆرانی و چەندین چالاکی دیکە کە لەلایەن خۆبەخشانەوە پێشکەشکران.

هەروەها لە ماوەی هەڵمەتەکە رۆژی جیهانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەرزڕاگیرا و سیمینارێک لە ژێر ناونیشانی '' چۆن مامەڵە بکەین لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت'' پێشکەشکرا و دواتر چیرۆکی سەرکەوتنی چەندین کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت نیشاندران بۆ هاندانی کەسانی دیکە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ هاوکاربوونیان.

 ئاواز سەعید، بەڕێوەبەری ناوەندی کەمپەکە و سەرپەرشتیاری پرۆژەکە گوتی '' هەردەم ئامانجمان ئەوەیە هۆشیاری کۆمەڵایەتی بڵاوبکەینەوە و رۆڵی ئافرەتان لەکۆمەڵگەدا زیاد بکەین''.

ئامانجی چالاکیەکان بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لە ناو ئاوارەکان و گرنگی بەرەنگاربوونەوەی هەموو چەشنەکانی توندوتیژییە دژی ئافرەتان و کەسانی لێقەوماوی کۆمەڵگە و هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندییە لە نێوان ئاوارەکانی ناو کەمپەکە. لە کۆتایی چالاکیەکاندا، شریتی رەنگ پرتەقاڵی بەخشرایە ئامادەبووان. رەنگی پرتەقاڵی لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بۆ ئەم رۆژە دانراوە بە واتای جیهانێک بەبێ توندوتیژی دژی ئافرەتان.

دەزگای روانگە بە پاڵپشتی دارایی رێکخراوی ئەڵمانی GIZ و هەماهەنگی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان شەش ناوەندی کۆمەڵایەتی لە شەش کەمپی جیاوازدا بە مەبەستی راپەراندنی کارو باری ئاوارەکان و ئەنجامدانی  کار و چالاکی بەڕێوە دەبات.