دەزگای ڕوانگە و یونسێف لە پرۆژەیەکی هاوبەشدا

پەروەردە | 23/10/2015
Rwanga Foundation and UNICEF Collaborate On Changing Human Behavior

بۆ گرنگیدان بە رۆڵی کارمەندانی حکومەت و گۆڕینی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە رووبەرووبونەوەی گۆرانکارییە بنچینەییەکاندا دەزگای ڕوانگە و رێکخراوی یونیسێف خولێکی چوار رۆژەیان بۆ کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

بەرواری ١٨ – ٢٢ تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ بە چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزگای ڕوانگە بە هاوبەشی رێکخراوی یونسیف لە عێراق خولێکی چوار رۆژەیان بە ناونیشانی ( ستراتیجیەتە سەرەکییەکانی گۆڕینی هەڵسوکەوتی مرۆڤ ) بۆ نزیکەی ٤٠ کارمەندی حکومەت لە شاری هەولێر ئەنجامدا. ئامانج لە خولەکەدا بریتیبوو لە چۆنیەتی مامەلە کردنی کارمەندان و فەرمانبەرانی حکومەت لەگەڵ هاوڵاتیان و کەسانی پەیوەست بە کاروبارەکانیانەوە. چۆن بتوانرێت پەروەردەیەکی شارستانیانەی هاوڵاتیان بکرێت و لە هزر و ناخیانەوە گۆرانکاری دروست بکرێت بەتایبەتی بۆ بە فیرۆنەدانی ئاو کە لەلایەک سەرچاوەی ژیانە و لەلایەنێکی تریشەوە پاراستنی ژینگەیە و چارەسەرکردنی کێشەی کەم  ئاویە لە ووڵاتدا.

شیرین حسێن مەحوی،  لێپرسراوی هۆبەی تاقیگەی ئاو و خۆراک لە سلێمانی کە یەکێک بوو لە بەشداربوان ووتی: ( ” من بەشداری چەندین خولی ترم کردوە بەڵام ئەوەی ئەمجارە زۆر تایبەت و گرنگ بوو، هەم لە باشی راهێنەرەکە کە بەشێوازێکی زۆر روون و پراکتیکی و تیۆریانە بابەتەکانی شی دەکردەوە بۆمان، هەمیش بابەتەکە گرنگی خۆی هەبوو. من سوودێکی زۆرم لێوەرگرت سەبارەت شێوازە جۆراوجۆرەکانی  گۆرینی هەڵسوکەتووی مرۆڤ”.

عبدالسلام مدنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ڕوانگە وەک راهێنەر لە هەر چوار رۆژەکەدا خولەکەی بەرێوەبرد و هەم لەرووی مرۆیی و هەم لەرووی پەروەردەیی و هزریەوە توانی بابەت و راهێنای  باش لە چۆنیەتی کار کردن و مامەلە کردنی نێوان مرۆڤەکاندا پیسکەش بە بەشداربووان بکات.

نیشتیمان عوسمان محێدین، لێپرسراوی پلاندانانی پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ووتی: ( ” ئەوەی لەم خولەدا فێربووم سوودێکی ئێجگار زۆری بۆمن هەبوو بەتایبەت لە گۆڕینی هەڵسوکەت وبیری ئەوکاسانەی کە ئێمە رۆژانە مامەلەیان لەگەڵ دەکەین. لەهەمان کاتیشدا هاوکارمانە کە چۆن بتوانین خەڵک بەشداری پێبکەین لە پرۆژەکانماندا. بەڵێنیش دەدەم ئەم زانیارییانەی کە فێری بوومە بیگوازمە بۆ هاوکاران و کەسانی تر” ).

لە هەرسێ پارێزگەی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و لەگەڵ دەڤەری گەرمیان بەشداریان لە خولەکەدا کرد و دوای تەواوبوونی خولەکەش هەموو بەشداربوان بڕوانامەی دەزگای ڕوانگەیان پێبەخشرا.

شەرمین رەحمان بایز، سەرۆکی بەشی دڵنیایی جۆری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەرۆکان و چاودێرو نوێنەری حکومەت لە خەلەکەدا بەم شێوەیە هەستی خۆی دەرىری: ( ” زۆر سوپاسی دەزگای ڕوانگە و یونسێف دەکەین بۆ ساز کردنی ئەم خولە، شتەگەلێکی زۆر فێربووین لەماوەی ئەم چوار رۆژەدا و خۆزگە کاتەکەی زیاتربوایە تاوەکو زیاتر فێربووینایە. چەند رێگا و شێوازێک فێر بووین لە چۆنیەتی گۆرینی هەڵسوکەتی مرۆڤەکان و مامەلە کردن لەگەڵیاندا. بەهیوام ئەم جۆرە خولانە بەردەوام بێت بۆ سوودی هەموو لایەک”).

دەزگای ڕوانگە و رێکخراوی یونسێف بەرنامە و پلانیان هەیە کە درێژە بەم جۆرە خولانەبدەن و هەر جارەو گروپێک و توێژێکی جیاواز لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری پێبکەن.