کۆچی گەنجان بۆتە کێشەیەکی هەنوکەیی نیشتیمان و کۆمەلگە و رەنگدانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و بۆتە کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت مەترسی گیانی بەدوای خۆیەوە هیناوەتە ئاراوە.
دەزگای ڕوانگە لە رۆژی جیهانی لاوان بە هەماهەنگی سەنتەری رۆشنبیری پێشمەرگە و سەنتەری گەشەپێدانی لاوان لە شاری دهۆک سیمینارێکی سەبارەت بە پرسی کۆچی گەنجان و کاریگەری و دەرهاویشتەکانی بەسەر خودی لاوان و کۆمەڵگەی کوردستانی بە گشتی ئەنجامدا.
عەبدالسلام مدنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ڕوانگە وەک راهێنەر و بەڕێوەبەری سیمینارەکە چەند پرس و کێشەی هەنووکەیی خستە بەر باس هەروەک ئایا ئەو هۆکارانە چین کە پاڵنەرە بۆ کۆچی لاوان؟
هەستی لاوان سەبارەت بە نەبوونی دادپەروەری، لێڵی دوارۆژ، نەبوونی دەرفەت، بێکاری، خەمۆکی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی، باری ئاسایش و چەندان پرسیار و بابەتی دیکە لە سیمینارەکەدا قسەوباسی لێکرا.
لە میانی تاوتوێکردنی پرسە گرنگەکانی لاوان و کۆچی بەردەوامی گەنجەکان بۆ دەرەوەی وولآت بۆچوونی جۆراوجۆر گفتوگۆیان دەربارە کرا، هەر وەک رەنگە کۆچ کردن بۆ هەندێک لە گەنجەکان چارەسەر بێت بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بەڵام لەلایەکی دیکەوە کاریگەرییەکی نەرێنی دەخانە سەر کۆمەلگە و نیشتیمان رووبەرووی کۆمەڵێک گرفت و کێشە دەکاتەوە.
لاوان بە سەربەستانە و بوێرانە باسیان لە کێشەو گرفتەکانی خۆیان دەکرد و بەدوای چارەسەرە گرنگ و پێویستییەکاندا دەگەران. هەندێک لەلاوان پێیان وابوو ئەگەر بێتو بە هەڵبژرادەی خۆیان بێت ئەوان کوردستان و هەڵدەبژێرن بۆ بەردەوامی دان بە ژیانیان و روو لە هەندەران ناکەن، بەڵام ئەم بارودۆخەی ئێستا کە بەرۆکی ووڵاتی گرتووە تووشی کۆمەڵێک نیگەرانی و نا ئارامی کردوون.
عبدالسلام مدنی لە کۆتایی کۆنفرانسکەدا ئەو خاڵە گرنگانەی کە دەبێتە هۆی چارەسەر کردنی بەشێک لە کێشەی لاوان خستە بەرباس و سەئەنجامی سیمینارەکە لە نێوان بەڕێوەبەری سیمینارەکە و لاوان خاڵبەند کران ئەوانێش هەروەک:
١. لاوان پێویستە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ دۆزینەوەی کار لە شوێنەکانی خۆیان بەر لەوەی بیر لە کۆچ کردن بکەنەوە.
٢. پەیوەندی باشتر لەنێوان چالاکوانانی کۆمەڵگە و لاوان لە ئاستە جیاوازەکاندا هەروەک: ( لە رووی سیاسی، کەلتوری، حکومەت و چالاکوانان ).
٣. چاک کردنی باری ئابوری لەلایەن حکومەتەوە بۆ باشتر کردنی بارو گوزەرانی کۆمەڵگە بەگشتی و لاوان بەتایبەتی.
٤. چاو پیاداخشاندنەوەی ئامانجەکانی پەروەردە لە سیستەمی پەروەردەییدا.
٥. دەستەبەر کردنی خزمەتگوزاری تایبەت بۆ لاوان هەرک شوێنی حەوانەوە، بودجەی تایبەت بە لاوان، خەرجی پەیوەندییەکان و چەندین خزمەتگوزاری دیکە.
٦. چالاک کردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەگەر خستنی توانای لاوان.
٧. کاراکردنی رۆڵی رێکرخاوە ناحکومییەکان و بۆ چاودێری کردنی کارو پرۆژەکانی حکومەت.
بە ووتەی لاوانی بەشداربوو لە سیمینارەکەدا، توانرا باس لە چەندین پرسی گرنگ و بابەتی پەیوەستدار بە لاوان بکرێت و لە ڕێگەی گفتوگۆیە کراوەکان و زانیارییەکانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە خاڵ لەسەر چارەسەرکردنی چەندین کێشەی لاوان دابنرێت و لاوان لە ووڵاتی خۆیان درێژە بە کارو چالاکییەکانیان بدەن و خەونەکانی خۆیان بە هەماهەنگی یەکتر بەدەست بهێنن.