دەزگای ڕوانگە دوابەداوی دروستکردنی کۆمەڵگەی ڕوانگە دووپڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە نێوکۆمەلگەی ڕوانگەدا بەئەنجام گەیاند، ئەوانیش بریتیبوون لە پرۆژەی کیدزۆن و دووپارکی پڕ لە درەخت و سەوزایی.
بەرواری ١٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ دەزگای ڕوانگە کۆتایی بە دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاری هێنا بۆ ئاوارە ئێزیدییەکانی دانیشتووی نێوکۆمەلگەی ڕوانگە لە سنوری پارێزگەی دهۆک و لە رێورەسمێکی شایستەدا رادەستی حکومەتی هەرێمی کورستانی کرد.
کیدزۆن پڕۆژەیەکی وەرزشی و هونەری و پەروەردەییە و پێکهاتوە لە ( گۆرەپانی تۆپی پێ، بالە، باسکە، بەشی هونەری بە هەموو پێداویستییە هونەرییەکان، بەشی کۆمپیوتەر بە دەستەبەرکردنی ٢٠ کۆمپیوتەر، بەشی کتێبخانە بە دابینکردنی زیاتر لە ٢٧٠٠ پەرتووکی هەمەجۆر، شوێنی یاری منداڵان).
یاسەمین، کچە ئاوارەیەکی ئێزیدیە یەکێکە لە دانیشتوانانی نێو کۆمەڵگەی ڕوانگە ووتی ( ” من زۆر خۆشحالم بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی کیدزۆن، چونکە هاوکارییەکی باشی ئێمە دەکات بۆ بەدەستهێنانی پەرتوکی هەمەچەشن بە هەر سێ زمانی کوردی عەرەبی و ئینگلیزی. بەر لە کیدزۆن زۆر گرفتمان هەبوو بۆ بەدەست هێنانی پەرتووک و خوێندنەوە هەم بۆ زانیاری وەرگرتن و بەسەر بردنی کاتەکانمان بە خوێندنەوە و هەمیش بۆ یارمەتی دانمان لە قوتابخانە کە زۆر کات پێویستیمان بە سەرچاوە دەبوو بۆ خوێندن و وانەکانمان ” ).
هەر لەگەڵ کردنەوەی دەرگای کیدزۆن ئاپۆرەی مندالآن و لاوان بە کچ و کوڕەوە روویان کردە ژوورەوە و بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە دەستیان کرد بە بەکارهێنانی تەواوی بەشە وەرزشی و هونەری و پەروەردەییەکان.
عەوداڵ، کورە هەرزەکارێکی ئاوارە لە نێو کۆمەڵگەی ڕوانگەوە لە میانی یاری کردنی لە نێو گۆڕەپانی تۆپی پێی هەستی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: ( ” ئەنجامدانی پرۆژەی کیدزۆن بۆ ئێمەی وەرزشوانان خەونێکی گەورەبوو هاتە دی. ئێمە بە تامەزرۆیی وەرزش کردنمان هیچ شوێنێکمان نەبوو لە نێو ئەم کۆمەلگەیەدا بۆ یاری تۆپی پێ، بەڵام ئەمڕۆ جگە لە گۆڕەپانی تۆپی پێ کەچی دوو گۆڕەپانی دیکەشمان بۆ دابین کراوە هەر وەک بالە و باسکە. بۆیە من ئەمڕۆ بە رۆژە خۆشەکانم ئەژمار دەکەم ” ).
هاوکات لەگەڵ بە ئەنجام گەیاندنی پرۆژەی کیدزۆن دەزگای ڕوانگە لەسەر داوای دانیشتوانانی نێو کۆمەڵگەی ڕوانگە دوو پارکی پڕ لە درەخت و سەوزایی دروست کرد و بۆ ئەوەی ببێتە شوێنی حەوانەوە و کات بەسەر بردنی خەڵکەکە و بەخشینی سیما و ژینگەیەکی تەندروست بەناوچەکە.
شایەنی ئاماژەیە پرۆژەی کیدزۆن بۆ دووەمین جارە لەلایەن دەزگای ڕوانگەوە جێبەجێ دەکرێت یەکەمیان لە ساڵی ٢٠١٤ لە نێو کەمپی قوشتەپە بۆ ئاوارەکانی خۆرئاوا و دووەمینییشیان لە ساڵی ٢٠١٥ لە نێو کۆمەڵگەی ڕوانگەدا بە ئەنجام گەیاندرا.