لاوان

دەزگای روانگە پێشانگەی ساڵانەی هەلیکار بە ئۆنڵاین ئەنجامدەدات

Tuesday, October 13, 2020 11:35 PM

لە بەرواری ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، دەزگای روانگە خۆتۆمارکردنی پێشەکی کردەوە کە لاوان (کارخوازان و ئارەزوومەندان) دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن  تاکو لە رێکەوتی ٣ تاکو ٥ی ١١ی ٢٠٢٠ بەشێوازی ئۆنڵاین  سەردانی پیشانگەی نێودەوڵەتی کاری روانگە فرص بکەن.

 

دەزگای روانگە ساڵانە پیشانگەی نێودەوڵەتی هەلیکاری روانگە فرص ئەنجامدەدات، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەم بەربەستانەی لە رێگەی ڤایرۆسی کۆرۆنای تازە (Covid-19) جیهان و کوردستان گرتەوە، پیشانگەکە بەشێوازی ئۆنڵاین و لە رێگەی پلاتفۆرمێکی زیرەک ئەنجامدەدرێت. لە پلاتفۆرمەکەدا چەندین دەرفەت بەشێوازی جۆراوجۆر بۆ لاوان بەردەستن.

 

ئامانجی پیشانگەی هەلیکاری دەزگای روانگە بریتییە لە  دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان کارخوازان و خاوەنکاران بەتایبەتیش گەنجان و دەرچووانی زانکۆکان بۆ ئەوەی پردێکی پەیوەندیکردن دروست بکرێت لە نێوانیاندا بۆ سوودگەیاندن بە هەردوو لا.  پیشانگەی نێودەوڵەتی کاری روانگە فرص بە شێوەی ئۆنڵاین لە ڕۆژانی ٣ و ٤ و ٥ی تشرینی دووەم، لە کاتژمێر ١٠ بەیانی تاکو ٦ی ئێوارە ئەنجام دەدرێت بە بەشداری زیاتر لە  ١٠٠ رێکخراو و کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە کەرتی جۆراو و جۆر - کەرتەکانی ئاوەدانکردنەوە، گەشتوگوزار، بازرگانی، نەوت، پیشەسازی، پەیوەندی، کشتوکاڵ، ریکلام، فرۆکەوانی، کۆمپانیای ئۆتۆمۆبێل، بانکەکان، دەرمان و ئاسایش جگە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و ئاژانسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. 

بۆ زیادکردنی دەرفەت بۆ گەنجان و دەرچووی تازە و ئەو کەسانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن،  لە پێشانگەی هەلیکاری ساڵی ٢٠٢٠، جیا لە هەلیکار  زیاتر لە ٣٠٠ دەرفەتی مەشقی کار (Internship) دەرەخسێنێت.  هەروەها  ٦ خولی ڕاهێنانی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرێن بە سەردانیکەرانی پیشانگەکە بە شێوازی ئۆنڵاین لەسەر  بابەتەکانی کارامییەکانی بەکارخستن بەتایبەتی چۆنیەتی نووسینی سیڤی و تەکنیکەکانی چاوپێکەوتنی کار و هەڵسووکەوت لە کار.  هاوکات، هەروەها کۆڕبەندی روانگە وەک یەکێک لە چالاکیەکانی دیکەی پیشانگەکە ئەنجامدەدرێت، کە ٣ پانێل لە خۆ دەگرێتەوە و بە شێوازی ئۆنڵاین و ئۆفڵاین بەڕێوەدەچێت و راستەوخۆ لە ماڵپەڕە و کەناڵەکانی راگەیاندن پەخش دەکرێت.

ئارەزوومەندان لە رێگەی ماڵپەڕی www.rfijf.com پێویستە خۆیان تۆماربکەن تاکو سەردانی پیشانگەکە بکەن. هەروەها لە رێگەی ژمارە مۆبایلەکانی 07505927676 و 07508166669 تیمی دەزگای روانگە وەڵامی پرسیارەکانیان دەدەنەوە.

پێشانگەی نێودەوڵەتی کاری روانگە فرص ٢٠٢٠ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی لاوان و وەرزشی عێراق و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت. هەروەها لەلایەن ٣١ کۆمپانیا سپۆنسەرکراوە، کە پریتین لە سپۆنسەری ئەڵماس ( گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان، کۆرەك تیلیکۆم)، سپۆنسەری پلاتینیۆم (هێمن گروپ، هۆتێلی نێودەوڵەتی هەولێر، کوردنەفت، فاست لینك)، سپۆنسەری زێڕین ( کۆمپانیای ئەلحەیات پێپسی، ئێم ئار ئێف، ئەی دی میدیا، رەسەن گروپ، دارین گروپ)، سپۆنسەری زیوی (الجزائری، ڤانە، نوسینگەی ئەندازیاری راوێژکاری ئاسا، جی ئی جی رێکلام، کۆمپانیای ئاڤێستا، ئەندازیاری رەنگ، فۆکس ڤیو، گروپی هەڵەبجە)، هاوبەشی میدیایی ( تۆڕی میدیایی رووداو، کەناڵی کوردستان 24)، سپۆنسەری میدیایی ( نێت تیڤی، کوردستان تیڤی، زاگرۆس، وار تیڤی، دهۆك تیڤی، فاڵکۆن گروپ، هەڵەبجە تیڤی، میکس ئێف ئێم، ئێم رادیۆ، بزنس مەگەزین).