پەروەردە و فێرکردن

دەزگای روانگە بەشدارە لە گفتوگۆی نەتەوەیی سەبارەت بە سیستەمی پەروەردەیی

Monday, September 20, 2021 6:39 PM

 لە رێکەوتی ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢١ – بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە بەشداری کرد لە گفتوگۆی نەتەوەیی سەبارەت بە سیستەمی پەروەردەیی  K-19 کە لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە پارێزگای دهۆك ئەنجامدرا، پڕۆژەکە دەستپێشخەرییەکی چاکسازی ٣- ساڵییە لە پێناو باشترکردنی پەروەردە.


ئامانج لە گفتوگۆیەکە بۆ دیاریکردنی ستراتیژی بەرەوپێشبردنی داهاتووی کەرتی پەروەردەییە لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. هەروەها بە مەبەستی ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستەمی پەروەردەیی ئێستای هەرێمی کوردستان بۆئەوەی بکرێتە فۆرمێکی نموونەیی.

کۆنفرانسەکە بە وتاری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەستی پێکرد، دواتر سێ پانێڵ پێشکەش کرا بەبەشداری کردنی بەڕێز ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بە بەشداری کردنی نوێنەرانی رێکخراوە ناحکومییەکان (لەوانەش عبدالسلام مەدەنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە).

 

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی،  سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا گوتی: "پەروەردە بنەمای سەرەکی هەموو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووە، سیستەمێکی دروستی پەروەردەیی گەرەنتی ئێستا و داهاتووی نەوەکانمانە. سیستەمی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی کوردستان، هەر لە باخچەی ساوایانەوە تاکو قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی و خوێندنی باڵا، پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ریشەیی هەیە."

هەروەها، بەڕێز مەسرور بارزانی،  سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان  گوتی :"ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمانجمان ئەوەیە کە لەرێگەی دابینکردنی پەروەردە و راهێنانەوە گەشە بە توانا و زانیارییە پێویستەکانی لاوان و خوێندکاران بکەین بۆ ئەوەی ئامادەیان بکەین بۆ بازاڕی کاری کوردستان".

 

یەکەم پانێلی گفتوگۆ بە بەشداری وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لەمیانەی گفتوگۆکەیاندا باس لەسیستەمی ئێستای وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکان کرا.

 

دواتر، پانێلی دووەم بە بەشداری بەهار علی بەڕێوەبەری رێکخراوی EMMA بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، فۆڵ ڕۆری ڕۆبێرتشاو بەڕێوەبەری پەروەردە لە رێکخراوی یونسێف و مێرسی زیندیمو لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی بەریتانی دهۆك ئەنجامدرا، لە کاتی پانێلەکە چەند "لێکۆڵینەوە و داتای یونسێف" خرایە  روو، هەروەها باس لە "یەکسانی رەگەزی لە پەروەردە لە هەرێمی کوردستان" و "کارکردن لەگەڵ منداڵانی خاوەن ئالەنگاری فێربوون " کرا.


کۆتا پانێڵ بەبەشداری عبدالسلام مەدەنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە. عبدالقادر کاکەسوور، رێکخراوی یونسێف، شێروان محەمەد مەهدی،  رێکخراوی GIZ بەڕێوەچوو کە تێیدا باس لە چالاکی رێکخراوە ناحکومییەکان کرا لە کەرتی پەروەردە.

لە کاتی پانێڵەکەدا بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە گوتی "پێویستە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و گۆمەڵگەی مەدەنی پێکەوە پلان دابڕێژن و جێبەجێی بکەن بۆ ئەوەی باشترین ئەنجام بەدەست بهێنن و بتوانن سیستەمی پەروەردەیی ئێستا باشتر بکەن" 


ئەم کۆنفرانسە دەستپێکی دەستپێشخەری گفتوگۆی نەتەوەیی بوو.  کە لە رێگەیەوە تیمی جێبەجێکردنی ئەرکەکان، یەکەم دانیشتنیان ئەنجامدا و دەستیان بەکار کرد بۆ پێشنیازکردنی چەند رێگەچارەیەکی گونجاو بۆ کەرتی پەروەردە لە کوردستان.