لاوان

پڕۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش ٢٠٢٢' ڕاگەیەندرا

Wednesday, April 13, 2022 2:55 PM

 

موسڵ، ‌عێراق(١٣ی نیسانی ٢٠٢٢)، دەزگای روانگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پرۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش'ی بۆ ساڵی پێنجەم راگەیاند، گروپە خۆبەخشییەکان دەتوانن ئێستا پێشنیاری پڕۆژەکانیان لە چوار بواردا پێشکەش بکەن.

 

کاری خۆبەخشیی بەگشتی بە یەکێک لە چالاکییە خۆنەویستییەکان دادەندرێت کە تێیدا کەسێک یان گروپێک بەبێ بەرژەوەندیی کەسیی و ماددیی خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک و کۆمەڵگە دەکات.
 لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی کات خۆبەخشان پێویستیان بە پشگیری کردن هەیە بەتایبەت لە ڕووی داراییەوە(بەبێ مووچە)، بۆ دابینکردنی خەرجی پێداویستی و کەلوپەل و ئامێر تاکو پڕۆژەکانیان پێ ئەنجام بدەن.
 هەر لەبەر ئەوە، دەزگای روانگە پڕۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش' رادەگەیەنێت، کە هانی کچان و کوڕانی گەنج دەدات بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاری پڕۆژە و بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەک کە تێیدا پشتگیری دارایی دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان، بەمەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە کۆمەڵگە.


کات  و ڕێکەوتەکان

  • پێشکەشکردنی دەستپێشخەرییەکان لە ١٣/٠٤/٢٠٢٢ تاکو ٣٠/٠٦/٢٠٢٢ (ماوەی ٧٨ ڕۆژ)
  • پرۆسەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردن لە ٠١/٠٧/٢٠٢٢ تاکو ٢١/٠٧/٢٠٢٢ (ماوەی ٢٠ رۆژ)
  • ئامادەکاری بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکان لە ٢٢/٠٧/٢٠٢٢ تاکو ١٣/٠٨/٢٠٢٢ (ماوەی ٢٢ رۆژ)
  • جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکان لەلایەن گروپە خۆبەخشییەکانەوە لە ١٤/٠٨/٢٠٢٢ تاکو ١٤/١٠/٢٠٢٢ (ماوەی ٦١ ڕۆژ)
  • رێوڕەسمی کۆتایی نمایشکردنی پڕۆژەکان و دەستکەوتەکانیان لە سەرەتای مانگی ١٢ی ٢٠٢٢ ئەنجام دەدرێت.

 

مەرجە گشتییەکان

  • پڕۆژەکە پێویستە لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشی بێت و بەلایەنی کەمەوە سوود بە ١٠٠ کەس لەناو کۆمەڵگە بگەیەنێت.
  • لاوان لە گشت پارێزگاکانی عیراق دەتوانن دەستپێشخەرییەکانیان پێشکەش بکەن لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمی پێشنیاری پڕۆژە.
  • هەر گروپێکی خۆبەش بەلایەنی کەمەوە دەبێت لە پێنج ئەندام پێکهاتبێت (تەمەنیان لەنێوان ١٨-٣٥ ساڵ بێت).
  • گروپە خۆبەشییەکان نابێت نوێنەرایەتی هیچ ڕێکخراوێکی ناحکومی یان هەر دامەزراوەیەک بکەن، بەڵکو دەبێت گروپەکە لە ئەندامانی کۆمەڵگە پێکهاتبێت.
  • پڕۆژە پێشنیارکراوەکە نابێت لە هیچ رێکخراوێکی ناحکومی یان هەر دامەزراوەیەک پشتگیری دارایی کرابێت.
  • ئەو گروپانەی کە لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ پێکهاتوون زیاتر پەسەند دەکرێن.
  • ئەو گروپانەی کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیان تێدایە زیاتر پەسەند دەکرێن.
  • لیژنەیەکی تایبەت و پسپۆڕ لەم بوارە  پێداچوونەوە بە دەستپێشخەرییە پێشکەشکراوەکان دەکەن و باشترینەکان دەستنیشان دەکەن.
  • کۆی گشتیی، باشترین بیست و چوار (٢٤) دەستپێشخەری پاڵپشتی دارایی دەکرێن لە گشت پارێزگاکانی عیراق.
  • تێچووی گشتی هەر پڕۆژەیەک نابێت لە ٤،٢٥٠،٠٠٠ (چوار ملیۆن و دوو سەد و پەنجا هەزار) دینار زیاتر بێت.
  • بودجەی پڕۆژەکە نابێت هیچ جۆرە مووچە و پاداشتێکی ماددیی بۆ خۆبەخشەکان تێدابێت، لەبەئەوەی دەستپێشخەرییەکە لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشییە.
  • پێشنیاری پڕۆژە پێویستە نووسراوی زانیاریی و وردەکاریی دارایی (زانیاریی بودجەی داڕێژراو) و وێنە و یان هەر دۆکیومێنتی تر وەکو نەخشە و دیزاین و ڕەزامەندییەکان کە پێویست بوو لەگەڵی دابێت.
  • تەنها گروپە براوەکانی ساڵی ٢٠٢١ ناتوانن دووبارە دەستپێشخەرییەکانیان پێشکەش بکەن.

بۆ  زانیاری زیاتر سەردانی پڕۆژەی دەسپێشخەری لاوانی خۆبەخش بکەن