رێکار هیوا - پێشبڕکێیی بیرکاری

ڕێکار هیوا احمد، لەدایکبووی بەرواری 12/10/2003.دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە،قۆناغی یەکەمی سەرەتایی لە شاری سلێمانی لە قوتابخانەی (سەربەرزی نمونەیی) دەستپێکردووە.پاشان گەڕاوەتەوە هەڵەبجە و قۆناغەکانی دووەم تا چوارەمی سەرەتایی لە قوتابخانەی (حەمدونی بنەڕەتی) خوێندووە.دواتر قۆناغەکانی پێنجەم و شەشەمی لە قوتابخانەی (حسن ئاوای بنەڕەتی) خوێندووە،پاشان بۆ کۆتا وێستگەی خوێندنی دواناوەندی ڕوو دەکاتە (کۆلێژی هەڵەبجەی شەهیدی هاوبەشی کوڕان) کە یەکێکە لە کۆلێژەکانی یونایتد ساینس (United science) .

 

وە ئێستاش لە قۆناغی ١١ لە هەمان کۆلێژ بەردەوامە،لەدوای زمانی دایک،شارەزایی لە زمانی تورکی و ئینگلیزی هەیە وە دەتوانێت بە باشی گفتوگۆی پێ بکات.لە قۆناغی هەشتەم و نۆیەم بەشداری کردووە لە Iraqi National Project Olympiad (INPO).

کە ساڵانە لەلایەن کۆلێژەکانی یونایتد ساینس ڕێکدەخرێت و تیایدا کار لەسەر دۆزینەوەی تواناکانی خوێندکار و گەشەپێدانی خوێندکار دەکرێت.وە لە هەردوو ساڵەکەدا توانیویەتی مەدالیای زێڕین بەدەست بێنێت و سەرکەوتوو بێت.خولیاکانی لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا لە بواری زیندەوەرزانیدا بووە و شایەنی باسیشە هەردوو پرۆژەکەی ئینپۆ کە سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە تێیدا دەرئەنجامی خولیای منداڵی بووە و توانیویەتی داهێنان لەو بوارەدا بکات.



ڕێکار لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا لە وانەی بیرکاری لاواز بووە و خولیای بۆ بابەتەکە نەبووە،بەم شێوازە بەردەوام بووە تا قۆناغی شەشەمی سەرەتایی.پاشان بە هاوکاری مامۆستای وانەکەی ئەنجامێکی ناوازەی بەدەست هێناوە و لەوە بەدوا خولیایەکی بۆ بابەتەکە دروست بووە،هەرچەندە ڕێکار دوای ئەو سەرکەوتنە،لە قۆناغی حەوتەمدا بەشداری تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی American Mathematics Contest (AMC)

دەکات و تەنها ٤ لە ١٠٠ بەدەست دەهێنێت، بەڵام ئەم ئەنجامە بێ هیوای ناکات و لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت. تا لە ساڵی ٢٠١٩/٢٠٢٠ یەکێک دەبێت لە خوێندکارە هەڵبژێردراوەکانی کۆلێژەکەی بۆ پێشبڕکێی ساڵانەی بیرکاری کە دەزگای روانگە ئەنجامی دەدات، وە لە قۆناغی یەکەمی پێشبڕکێکەدا پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کوردستان بەدەست دێنێت، وە لە قۆناغی کۆتایی پێشبڕکێکەش کە بە شێوازی ڕاستەوخۆ بەڕێوەچوو توانی پلەی دووەم بەدەستبھێنێت.وە شایەنی باسە خوێندنگەکەی هەر لە سەرەتای پێشبڕکێکە تا کۆتایی هاوکار و پاڵپشتی بووە و لەگەڵی بووە.



ئەوەی کە جێی سەرنجە لەو چەند مانگەی کە بەهۆی ڤایرۆسی ( کۆڤید-١٩)ەوە گشت دام و دەزگاکانی پەروەردە داخران و خوێندن لەسەر ئاستی کوردستان وەستا، ئەمەش بووە ھۆی دابڕانی ڕێکار لە خوێندنگە، بەڵام سەڕەڕای ئەوە خوێندنگەکەی وەک پیشەی هەمیشەیی دەستبەرداری خوێندکارەکانی نابێت و مامۆستای وانەکانی بەشێوازی ئۆنڵاین بەردەوام بوون لەگەڵ ڕێکار.

 ئەم سەرکەوتنەی ڕێکار دوا وێستگە نەبووە، بەڵکو دەستپێکێکی تازە بووە بۆی لە پەرەپێدانی تواناکانی لە بواری بیرکاری و لە ئێستادا لە ئاستێکی بەرزتردا هەوڵ و کۆشش دەکات و ئومێدەوارە لە داهاتوودا سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست بێنێت.