کامەران - پڕۆژەى کتێبى روانگە

کامەران عەبدولکەریم شێخ

 پرۆژەى کتێبى روانگە 2020 

کامەران خۆشناو؛ تەمەن 50 ساڵ یەکێکە لە براوەکانی  پڕۆژەى کتێبى روانگە  بۆ ساڵی 2020، توانی ببێت بە براوەی پێشبڕکێیەکی کتێب لە سەر ئاستی کوردستان کە 43 بەشداربوو بەرهەمەکانیان تێیدا خستبووەروو.

 

بە پێویستی دەزانی بەشێوەیەک لە شێوەکان؛ بەشێک لەو شارەزایی و وانانەى لە ژیانی دەستکەوتوون؛ بە گەنجانى بگەێنێت. بە دواى سەکۆیەک وێڵبوو لەمیانییەوە بەگەنجان بگات ؛ هەندێك لەگەڵیان گفتوگۆ بکات و هزریان بدوێنێت . لەبەر گرانى وەشانى کتێب و قەیرانى دارایى ماوەیەک بوو ئەم بیرۆکەی سڕکردبوو.

کامەران دەڵێت "کاتێك گوێبیستی پڕۆژەى کتێبى روانگە بووم، هەر لەرۆژى راگەیاندنی پرۆژەکە بەشداربووم؛ هەر لەوێش بریارمدا ئەو دەرفەتە بقۆزمەوە و کتێبەکەم پێشکەش بکەم،  نەك هەر ئەوەندە؛ بەڵکو نامە و پەیوەندى تەلەفۆنیم لەگەڵ زۆریک لە هاورێ، هاوکار و نووسەران کرد؛ تا لەم پڕۆژەیە بەشداربن و سەرى بخەن".

 

هەڵبەتە هەواڵى دەست نیشانکردنى کتێبەکەی کامەران وەک یەکێك لە براوەکان مایەى دڵخۆشى بوو بۆی؛ هەرچەندە ئارەزووی دەکرد گەنجێک ئەم پلەیە بە شایستەیی  بە دەست بێنیت. جێگاى ئاماژەیە ماوەى کەرەنتینەکەی بۆ نووسینى ئەم کتێبە تەرخان کرد. تا بەم شێوەیە دەرکەوێت. کە جگە لە کورتەڕۆمانێک، فەرهەنگێکیشی بە نزیکەى ٧٠٠ وشە و هاوواتاکانى داناوە؛ تا سەربارى جێژ وەرگرتن؛ لاوان ئاشناى زمانى شیرینى کوردى بن. راستییەکەى سەرکەوتن و پلەى یەکەم لای گرنگ نەبوون؛ وەلى گەیاندنى پەیامى پشتبەخۆبەستن و کۆڵنەدانی  بە لاوان لا مەبەست بوو.  

 

هەڵبەتە دەرکردنى ئەم کتێبەو ئەم بەدەنگەوە هاتنە باشەى لاوان؛ پاڵى پێوەنا رۆمانێکی نوێ بە ناوى (شەترەنج) تایبەت بێت بە هەمان مەبەست، کێشەى گەنجان و بەتایبەت لەکاتى جەنگدا. کاتێ سەرجەم هیوا ئاواتەکان دەخرێنە نێو گۆڕ و هیچ دەنگێک بەسەرووى دەنگى چەکەکان نابیسترێن.

کامەران هیوادارە بتوانێت پەیامێکى جوان بە گەنجان بگەیەنێت. بەڵکو ئەوان دەبنە پەرتەوى رۆشنکردنەوەى تاریکى ئەم نەهامەتیانە.