محمد کالۆ - رەخساندنی هەلی کار لە هەرێمی کوردستانی عێراق

لە جەنگى سوریاوە بۆ کارکردن لە دهۆک : "دەرفەتێکى شایستە"

 

من محەمەد کالۆم، و باوکێکى تەمەن سی ساڵانم. پاش ئەوەى داعش زۆر ناوچەى سوریاى داگیر کرد لە ساڵى ٢٠١٨ دا، ناچاربووم لە گوندەکەم، عەلى گامیش، هەڵبێم، کە کەوتووەتە ناوچەى دێرکى باکورى وڵاتەکە، و هەموو شتێک لەپاش خوم جێبهێڵم. ئەوکات قۆناغى دواناوەندیم تەواو کردبوو و لەبەر جەنگ نەمتوانیبوو لە خوێندن بەردەوام بم. ئەوکات هاتم بۆ هەرێمى کوردستانى عێراق. لەگەڵ براکەمدا سنورمان بڕى و هاتین بۆ دهۆک و لەوێدا خانوویەکمان بەکرێ گرت وقۆناغێکى نوێى ژیانمان دەستپێکرد.

بەتێپەڕبوونى کات و لەبەر کەمى پارە نەمانتوانى بەردەوام بین لەسەر بەکرێگرتنى خانووەکە. ناچاربووین بچینە کەمپى دۆمیز بۆ پەنابەرانى سورى کە دەکەوێتە نزیک شارەکەوە. دووبارە بە کۆمەڵێک بەرپرسیارێتى زیاترەوە قۆناغێکیترم دەستپێکرد و بووم بە خاوەنى منداڵێک. خۆم و خانەوادەکەم تاکو ئێستا لە کەمپەکەدا دەژین.

کاتى سەختمان چەشتووە و بەرگەى کەمى تواناى داراییمان گرتووە. دەستم بە کارکردن کرد بەڵام داهاتەکەم بەشى پێویستییەگانى خانەوادەکەمى نەدەکرد. هەندێکجار داهاتى ڕۆژانەم ١٥٠٠٠ دینارى عێراقى بوو (١٢دۆلارى ئەمریکى ) کە بەشى دابینکردنى خۆراکى نەدەکرد. هەندێک ڕۆژیش هیچ کار و هیچ داهاتێکم نەبوو.

پا چەندین هەوڵ بۆ دەستکەوتنى کاریکى جێگیرو داهاتێکى گونجاو، دەرفەتێکم لە کۆمپانیاى دەرمانى ڕیڤاز بەرچاو کەوت. داواکاریم پێشکەش کرد و هیوایەکى کەمیشم هەبوو، تاکو ڕۆژێک- پاش سێ مانگ- لە لایەن کۆمپانیاکەوە پەیوەندیم پێوەکرا و وەک دابەشکارى بەرهەمەکان پێشوازیم لێکرا. ئەمە خۆشترین هەواڵ بوو کە لە ماوەیەکى زۆردا پێمگەیشتبێت!

کارکردن بۆ کۆمپانیایەکى دەرمان ئاسان نەبوو چونکە ئەوە یەکەمین ئەزموونى من بوو لەو بوارەدا. ڕاهێنانێکى باشم پێکرا و توانیم فێرى ئەوەبم کارەکەم بە باشترین شێوە جبەجێ بکەم. ئێستا، داهاتەکەم ٧٠٠ دۆلارى ئەمریکییە لە مانگێکدا. زۆر دڵخۆشم بە کارەکەم و دەتوانم بەباشى خەرجییەکانى خانەوادەکەم بکەم. ڕاى بەڕێوەبەرایەتى کۆمپانیاکەم چییە لەسەر ئەداى کارکردنمەوە؟ لە ڕاستیدا ئەوان دەڵێن: "ئەو بەهرەمەندترین کارمەندى ئیمەیە." پێموایە گشتمان شایانى دەرفەت و ژیانێکى باشین.

***

ئەوەى سەرەوە دەقى گوتەکانى محەمەد کالۆیە، کە لاوێکى ئاوارەى سورییە و لەلایەن کۆمپانیاى ڕیڤازەوە خراوەتە سەر کار کە گوژمەیەکى لە چوارچێوەى بەرنامەى ڕەخساندنى هەلى کار لە هەرێمى کوردستانى عێراقەوە پێدراوە. پڕۆژەکە لەلایەن یەکێتى ئەوروپاوە کۆمەک دەکرێت لە ڕێگەى سندوقى متمانەى هەرێمى سەر بە یەکێتى ئەوروپا بۆ بەدەمەوەهاتنى قەیرانەکانى سوریا، ناسراو بە 'سندوقى مەداد'، لە چوارچێوەى بەرنامەى بەرەوپێشەوە، کە لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان و بە هاوبەشى پارێزگاى هەولێر و دەزگاى ڕوانگە جێبەجێ دەکرێت.

گوژمەى ڕەخساندنى هەلى کار لە هەرێمى کوردستانى عێراق لە کۆتایى ٢٠١٩ دا دەستیپێکرد و پشتیوانى ٥٦ کۆمپانیاى کرد بۆ دامەزراندنى ٦٩٩ کەس (بۆ ماوەى ٦-٨ مانگ بۆ هەر کەسێک، کە کۆى گشتى دەکاتە ٤٦٤٨ مانگ) لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا. دامەزراوەکان بریتی بوون لە ١٠١ پەنابەرى سورى و ٥٠١ ئەندامى کۆمەڵگاى لەخۆگر و ٩٧ ئاوارەى نێوخۆیى، لە نێویاندا ٢٣٩ ئافرەت هەبوون. ٣٦٠ لەو کارانە لەو کەرتانەدابوون کە بەرەنگارى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و کاریگەرییەکانى دەبوونەوە.