هەندرێن فرسەت - ئاڤاکرنا شیانێن رێڤەبەرییا گشتی یا چاڤدێری و گەشەپێدانا جڤاکی لپارێزگەها دهۆکێ

هەندرێن فرسەت، ٣٢

 

هەندرێن فرسەت، دەرچووی بەشی بەڕێوەبردنی کارە لە زانکۆی دهۆك و بەڕێوەبەری بەشی پلان دانانە لە بەڕێوەبەرایەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە دهۆك. هەروەها لە رێکەوتی 15ی نیسانی 2020ەوە وەك بەرپرسی چاودێری و هەڵسەنگاندن دەست نیشان کرا.

هەندرێن دەڵێت "لە سەرەتادا هیچ بیرۆکەیەکم نەبوو دەربارەی کاری رێکخراوەیی و دەربارەی مەرجەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندن. زمانی ئینگلیزی بووە ئالەنگاریەك بۆ من کە نەمدەتوانی راپۆرتەکانی چاودێری بە ئینگلیزی بنووسم بەمەش کارەکەم قورستر بوو. هەروەها، ئێمە لە رێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندیمان نەدەکرد چونکە نامە فەرمیەکان رێگەی فەرمی پەیوەندیکردنن لە کەرتی حکومیدا"

 

دوای ئەوەی رۆژانە لەگەڵ تیمی دەزگای روانگە کاردەکات و راهێنانە جیاوازەکان وەردەگرێت کە وەک بەشێک لەپڕۆژەکە پێشکەش دەکرێت، تواناکانی هەندرێن لە بەکارهێنانی Excel و زانیارییەکانی دەربارەی بەشی چاودێری و هەڵسەنگاندن باشتر بووە و ئێستا بە ئاسانی دەتوانێت بەبێ هەڵە فۆرمەکان پڕبکاتەوە. پەرەپێدان بە لێهاتوویی کارەکەی وای کرد کە بە شێوەیەکی ئاسانتر کێشەکان لە کارەکەدا دەستنیشان بکات و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. هەروەها یارمەتی دا لە رێکخستنی کارەکانی و تەرخانکردنی ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییەکانی تیمی بەشی پلاندانان بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکە پێویستەکان و باشترکردنی بەرهەمداری و باشترکردنی تواناکانی فەرمانبەران لەسەر سیستەمی چاودێری و هەڵسەنگاندن.

 

هەندرێن لە درێژە دان بە قسەکانی گوتی "ئێستا ئیمەیڵ بەکاردێنم بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ ئەندامانی تیمەکەم، ئەمەش رێگایەکی خێراترە بۆ پەیوەندیکردن و گەیشتنی دەستبەجێی زانیاری و داتا. زمانی ئینگلیزی ئێستا ئالەنگارییەکی گەورە نییە و مەرجەکان بۆ من نامۆ نین، بەتایبەتی مەرجەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندن. هەروەها کارامەیی چاودێری و هەڵسەنگاندنم باش بووە، ئێستا دەتوانم چالاکیەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندنی پرۆژەکە بە شێوەیەکی باشتر جێبەجێ بکەم وەک سەردانی مەیدانی بۆ چاودێریکردنی چالاکیەکان و نووسینی راپۆرتی چاودێری و کۆکردنەوەی داتا بە شێوەیەکی بەردەوام و پڕکردنەوەی هەر فۆرم و ئامرازێکی پێویست".

 

پڕۆژەی (ئاڤاکرنا شیانێن رێڤەبەرییا گشتی یا چاڤدێری و گەشەپێدانا جڤاکی لپارێزگەها دهۆکێ) بەمەبەستی پشتگیریکردن و پەرەپێدانی لێهاتوویی و توانا هونەرییەکانی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ بەڕێوەبردنی شەش ناوەندی کۆمەڵایەتی لەماوەی ساڵێکی گرێبەست لەگەڵ رێکخراوی GIZ دا. بەرێوەبەرایەتی گشتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە بواری هونەری و ئیدارییەوە ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت شەش ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان و سەنتەر و پەیمانگەی دیکە لە دهۆک بەڕێوە ببات کاتێک رێکخراوی GIZ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە پاشەکشە دەکەن و پاڵپشتی دارایی رادەگرن.