سەرۆک علی - پرۆژەی وی کۆد

سەرۆک علی، دانیشتووی شارۆچکەی هەڵەبجەی تازەیە و لە قۆناغی سێ-ی کۆلێژی ئەندازیاری بەشی بەپرۆگرامسازیە لە زانکۆی سەڵاحەدین دەخوێنێت. رۆژانە لە ژوورەکەی خۆی لە بەشەناوخۆییەوە ئامادەی وانەکانی ڕاهێنانی وی کۆد بوو و پاش تەواوکردنی ڕاهێنانی وی کۆد، بەهۆی ئاستی بەرزی ئەو پرۆژەیەی کە لە ماوەی ڕاهێنانی وی کۆد دیزاینی کرد، توانیی پرۆژەکەی بفرۆشێت.

 

سەرۆک دەرچووی بووتکامپی UX/UI دیزاینی پڕۆژەی وی کۆدە و وەک خۆی دەڵێت، لەرێگەی پەیجی فەرمیی دەزگای روانگەوە ئاشنای راهێنانەکانی وی کۆد بووە و دواتر فۆڕمی بەشداریکردنی پڕکردووەتەوە.

 

سەرۆک یەکێک بوو لە چالاکترین بەشداربووانی ڕاهێنانی UX/UI دیزاین، بەردەوام لەکاتی بوونی چالاکیی گروپدا ڕۆڵی سەرەکیی لە دابەشکردنی ئەرک و ڕێکخستنی تیمەکەیدا هەبوو. ئەو دەڵێت  "یەکێک لە چێژ بەخشترین ئەو چالاکییانەی کە ئەنجاممان دەدا لە کاتی ڕاهێنانەکاندا، کاری گرووپ بوو کە بەهۆیەوە بیرۆکە و زانیاریمان پێکەوە لەگەڵ بەشداربووانی دیکەدا ئاڵوگۆڕ دەکرد".

 

وەک بەشێک لە داواکارییەکانی بووتکامپی وی کۆد، ئامادەکردنی پڕۆژەی دەرچوون لە تەواوی بەشداربووان داواکراوە. هاوکات تەواوی بەشداربووان هان دەدرێن کە پڕۆژەکانیان لەسەر پلاتفۆڕمی (بی هانس) بڵاوبکەنەوە، کە پلاتفۆڕمێکی تایبەتە بە دیزاینەرانی جیهان بە گشتی تێیدا بەرهەم و تواناکانیان نمایشدەکەن. پڕۆژە ئامادەکراوەکەی سەرۆک یەکێک بوو لە باشترین پڕۆژەکانی بووتکامپی UX/UI و پاش بڵاوکردنەوەی لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆڕمەوە پەیوەندی بە سەرۆکەوە کرا و پاش گفتوگۆ ڕەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی دیزاینەکەی دەربڕی لە دەرەوەی کوردستان.

 

لە ئێستادا سەرۆک بەردەوامە لە بەرەوپێشبردنی زیاتری تواناکانی و هانی تەواوی ئەو لاوانەش دەدات کە خوازیارن توانا پەیوەندیدارەکانیان بە تەکنەلۆژیاوە بەرەوپێش ببەن، بەشداری لە بووتکامپەکانی پڕۆژەی وی کۆد-دا بکەن. هاوکات جەختی کردەوە لەوەی کە بەرەوپێشچوونی تواناکان تەنها بە ئامادەبوون لە وانەکاندا بەدی نایەت، بەڵکو  پێویستە بەشداریی تەواوەتییان لە چالاکی و ڕاهێنانەکانیشدا هەبێت.

 

پڕۆژەی (وی كۆد) بریتییە لە ڕاهێنانێکی چڕ، کە بەشێوەی سەرهێڵ (ئۆنلاین) لەلایەن دەزگای روانگە ئه‌نجام ده‌درێت. ئەم پڕۆژەیە تایبەتە بە لاوانی هه‌رێمی كوردستان، و توانای لاوان لە بواری تەکنەلۆژیادا بەهێز دەکات و لەم رێگەیەوە هاوکاریان دەبێت تاکو بتوانن کاریان دەست بکەوێت. پڕۆژەی (وی کۆد) لە چەند قۆناغێک پێکدێت. سەرەتا لێکۆڵینەوەیەک لە بازاڕی کار ئەنجامدراوە سەبارەت بە پێویستی ئەو توانایانەی لە کۆمپانیا تەکنەلۆژیەکان کەمە. دواتر، لە رێگەی پڕۆژەکە راهێنان بە لاوان دەکرێت تایبەت بە کارامەیی و توانایانە تاکو بەهێزبن لەم بوارەدا.لە قۆناغی کۆتاییدا ( دوای ئەوەی لاوەکان راهێنانیان پێدەکرێت)، ئاشنا دەکرێن بەو کۆمپانیایانە تاکو بتوانن لەو بوارەدا کار بکەن.