لاوان

دەزگای روانگە پڕۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش٢٠٢٠' رادەگەینێت

Monday, July 27, 2020 8:04 PM

لە بەرواری ٢٧ی تەمموزی ٢٠٢٠، دەزگای روانگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پرۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش'ی راگەیاند.


کاری خۆبەخشیی بەگشتی بە یەکێک لە چالاکییە خۆنەویستییەکان دادەندرێت کە تێیدا کەسێک یان گروپێک بەبێ بەرژەوەندیی کەسیی و ماددیی خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک و کۆمەڵگە دەکات.
 لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی کات خۆبەخشان پێویستیان بە پشگیری کردن هەیە بەتایبەت لە ڕووی داراییەوە(بەبێ مووچە)، بۆ دابینکردنی خەرجی پێداویستی و کەلوپەل و ئامێر تاکو پڕۆژەکانیان پێ ئەنجام بدەن.
 هەر لەبەر ئەوە، دەزگای روانگە پڕۆژەی 'دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش' رادەگەیەنێت، کە هانی کچان و کوڕانی گەنج دەدات بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاری پڕۆژە و بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەک کە تێیدا پشتگیری دارایی دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان، بەمەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە کۆمەڵگە.

کات  و  بەروارەکان

  • پێشکەشکردنی دەستپێشخەرییەکان لە ٢٧/٧/٢٠٢٠ تاکو ١٥/٩/٢٠٢٠ (ماوەی ٥١ ڕۆژ)
  • پرۆسەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردن لە ١٥/٩/٢٠٢٠ تاکو ٢٢/٩/٢٠٢٠
  • جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکان لەلایەن گروپە خۆبەخشییەکانەوە لە ٢٣/٩/٢٠٢٠ تاکو ٢٠/١١/٢٠٢٠ (ماوەی ٥٩ ڕۆژ)
  • رێوڕەسمی کۆتایی نمایشکردنی پڕۆژەکان و دەستکەوتەکانیان لە سەرەتای مانگی ١٢ی ٢٠٢٠ ئەنجام دەدرێت.

مەرجە  گشتییەکان

  • پڕۆژەکە دەبێت لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشیی بێت و بەلایەنی کەمەوە سوود بە ١٠٠ کەس لەناو کۆمەڵگە بگەیەنێت.
  • گەنجان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک، نەینەوا دەتوانن دەستپێشخەرییەکانیان پێشکەش بکەن لە ڕێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمی پێشنیاری پڕۆژە.
  • هەر گروپێکی خۆبەش بەلایەنی کەمەوە دەبێت لە پێنج ئەندام پێکهاتبێت (تەمەنیان لەنێوان ١٨-٣٥ ساڵ بێت).
  • گروپە خۆبەشییەکان نابێ نوێنەرایەتی هیچ ڕێکخراوێکی ناحکومی یان هەر دامەزراوەک بکەن، بەڵکو دەبێ گروپەکە لە ئەندامانی کۆمەڵگە پێکبهێندرێت.
  • ئەو گروپانەی کە لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ پێکهاتوون زیاتر پەسەند دەکرێن.
  • ئەو گروپانەی کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیان تێدایە زیاتر پەسەند دەکرێن.
  • کۆی گشتیی، دوازە دەستپێشخەریی پەسەند و پاڵپشتی دارایی دەکرێن.
  • تێچووی گشتی هەر پڕۆژەیەک نابێت لە ٢،٥٠٠،٠٠٠ (دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار) دینار زیاتر بێت.
  • بودجەی پڕۆژەکە نابێت هیچ جۆرە مووچە و پاداشتێکی ماددیی بۆ خۆبەخشەکان تێدابێت، لەبەئەوەی دەستپێشخەرییەکە لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشییە.
  • پێشنیاری پڕۆژە دەبێت نووسراوی زانیاریی و وردەکاریی دارایی (زانیاریی بودجەی داڕێژراو) و وێنە و یان هەر دۆکیومێنتی تر وەکو نەخشە و دیزاین و ڕەزامەندییەکان کە پێویست بوو لەگەڵی دابێت.
  • لیژنەیەکی تایبەت پێداچوونەوە بە دەستپێشخەرییە پێشکەشکراوەکان دەکەن و دوازدە باشترین دەستپێشخەریی هەڵدەبژێرن و دواتر پاڵپشتی دارایی دەکرێن.
  • سوودمەندبووانی ساڵانی پێشوو ناتوانن دوبارە بەشداری بکەنەوە

بۆ  زانیاری زیاتر سەردانی پڕۆژەی دەسپێشخەری لاوانی خۆبەخش بکەن