لاوان

کۆڕبەندی روانگە بۆ لاوان ئەنجامدرا

Thursday, September 2, 2021 8:15 PM

لە رێکەوتی ٢ی ئەیلولی ٢٠٢١– دەزگای روانگە هەستا بە ئەنجامدانی کۆڕبەندی روانگە بۆ لاوان لە هۆتێل رۆتانا لە هەولێر، کە تێیدا سێ پانێڵ بەڕێوەچوون لەسەر سێ بابەتی جیاوازی پەیوەست بە کەمی هەلی کار، کۆڕبەندەکە بە بەشداربوونی دوو وەزیر، خاوەنی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند، کەسانی ئەکادیمی، و راهێنەری نێودەوڵەتیی، و ٣٨ نوێنەری لاوان ئەنجامدرا.

 

لە کاتی پێشکەشکردنی وتەی دەستپێکی کۆڕبەندەکە، عبدالسلام مەدەنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە گوتی: "گەشبین بریتییە لە کەسێک کە بتوانێت راستییەکان ببینێت و هەوڵ بدات رێگە بدۆزێتەوە بۆ چارەسەرکرنی کێشەکان و باشترکردنی بارودۆخەکان. ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەم پلاتفۆرمەی دەزگای روانگە بۆ لاوان ئەوەیە کە بتوانین هەموو ساڵێک ئەم پلاتفۆڕمە لەسەر بابەتێکی جیاواز بەڕێوەبەرین بۆ درووستکردنی پردێک لە نێوان لاوان و بڕیار بەدەستان."

 

هەروەها د.جوتیار عادل - وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی.: "ئامانجی حکوومەت تەنها دابینکردنی هەلی کار نییە بۆ لاوان، بەڵکو رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ درووستکردنی لاوانی داهێنەر کە بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن."

 

لە پاش رێوڕەسمی کردنەوەکە، چەند راپۆرت و داتایەک خرانە روو کە پەیوەندی بە بارودۆخی کاری لاوان لە هەرێمی کوردستان-عێراق هەیە. هەروەها، راپۆرتێک بۆ رای گشتی لە سەرجەم پلاتفۆڕمە میدیاییەکان و وێبسایتی دەزگای روانگە بڵاوکرایەوە کە پێشتر ئامادەکرابوو لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا، و زانیاری و ئاماری وردی دەربارەی رەوشی لاوان لە هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرتەوە.




٣٨ نوێنەری لاوان لە کۆڕبەندەکە بەشدارییان کرد بە نوێنەرایەتی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، و هەڵەبجە. هەڵبژاردنی نوێنەرە لاوەکان بە پڕۆسەیەکی یەکسان و دادپەروەرانەدا تێپەڕبوو. تەمەنی لاوەکان لە نێوان ١٨-٣٥ ساڵدایە، و خولیایەکی زۆریان هەیە لە  داکۆکی کردن لە ماف و کارە کۆمەلایەتییەکانی پەیوەست بە لاوان.

 

هەروەها، سێ پانێڵ لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکە ئەنجامدرا:

١)  زیادکردنی دەرفەتی کار لە رێگەی پاڵپشتی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند

پێشکەشکاری پانێڵ: بیلال سەعید

پانێڵیست: کامل مسلم سعید، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی

پانێڵیست: د. محمد شکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان

پانێڵیست: د. نەوال کەریم، بەڕێوبەری گەشەپێدانی بازرگانی، ناس پەی، دارین گروپ

پانێڵیست: حسین دزەیی، مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی سەرچاوە مرۆییەکان لە گنێڵ ئینێرجی

 

٢)  نەگونجان لە نێوان سیستەمی خوێندن و پێداویستی بازاڕی کار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

پێشکەشکاری پانێڵ: د. مەهاباد سەعدی عەلی

پانێڵیست: کوێستان محمد عبدالله، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

پانێڵیست: د. خطاب ئەحمەد مصطفی، ب. گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون

پانێڵیست: ئەژین زاوێتەیی، مامۆستای زانکۆ، زانکۆی ئەمریکی کوردستان - دھۆک

پانێڵیست: بەڕێوبەری پەیمانگەی گەشەپێدانی پیشەیی AUIS

 

٣) خۆ بەرەو پێشبردنی لاوان بۆ بەدەستهێنانی لێهاتوویی کار

پێشکەشکاری پانێڵ: هەنار معروف

پانێڵیست: کوردۆ جەمال، راهێنەری نێودەوڵەتی و دامەزرێنەری کۆمپانیای کاراماکس

پانێڵیست: ڤیان تاهیر، بەڕێوبەری بەشە مرۆییەکان، زەین - کوردستان

پانێڵیست: مەروان ئەحمەد، راهێنەر و راوێژکاری پەرەپێدانی پیشەیی و بازرگانی- GIZ

پانێڵیست: بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە BCF

 

شایەنی باسە کە ستافێکی روانگە بەرپرسیارکران لە تۆمارکردنی زانیاری و تێبینی بە درێژایی هەرسێ پانێڵەکە لەسەر کێشە و چارەسەرە پێشنیارکراوەکان لە لایەن پانێڵیستەکانەوە کە دواتر لەگەڵ راپۆڕتەکە هاوپێچ دەکرێت و دەکرێتە پوختەی ئەنجامی کۆڕبەندەکە. 

 

کۆڕبەندی روانگە بۆ لاوان بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە سپۆنسەری کۆمپانیای (کوردنەفت) وەکو سپۆنسەری ئەڵماس و کۆمپانیاکانی (دارین گروپ، ئێم ئەر ئێف گروپ، فاست لینك، کاڤین گروپ، و هێمن گروپ) وەکو سپۆنسەری زێڕین ئەنجامدرا.

 

کۆڕبەندی روانگە بۆ لاوان پلاتفۆڕمێکە بۆ ئەوەی لاوان لەگەڵ بڕیاردەرانی جۆراوجۆردا گفتوگۆ بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بە مەبەستی درووستکردنی داهاتوویەکی ئابووری، کۆمەڵایەتی، و ژینگەیی باشتر. بەهۆی ئەمەوە، هەلێک دەدرێتە لاوان بۆ ئەوەی دەنگە نەبیستراوەکانیان گرینگی پێبدرێت. هەوڵ دەدەین بۆشاییەکە کەم بکەینەوە و پردێک لەنێوان لاوان و بڕیاردەران درووستبکەین و لاوان بەشداری پڕۆسەی بڕیاردان بکەن. هەموو ساڵێک، باس لە پرس و بەرەنگاربوونەوەیەک دەکەن کە کاریگەری لەسەر ژیانی لاوان هەیە. هاوکات، پێشنیاری چارەسەر بۆ ئەو کێشە و گرفتانە دەکەن. بابەتی ئەمساڵی کۆڕەکە کەمبوونی هەلی کار و چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەم پرسەیە.