پەروەردە و فێرکردن

١١٥ لاو لە سێ بووتکامپی پڕۆژەی وی کۆد دەرچوون

Wednesday, December 14, 2022 1:23 PM

هەولێر، کوردستان ( ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ) دەزگای روانگە ئاهەنگی دەرچوونی بۆ بەشداربووانی سێ راهێنانی پڕۆژەی 'وی کۆد'ی ئەنجامدا کە بە شێوەی ئۆنڵاین لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بۆ ١١٥ لاوی تەمەن ١٨-٣٥ ساڵ ئەنجامدرا. رێورەسمەکە لە ژینگەیەکی پڕ وزەدا بەڕێوەچوو کە دەرچووانی سێ راهێنانەکە لە نزیکەوە لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیای هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکتری کۆ بوونەوە. لە میانی مەراسیمەکەدا بڕوانامەی دەرچوون پێشکەش بە بەشداربووانی پڕۆژەکە کرا.

 

ئامانجی ڕاهێنانەکانی ویکۆد هاوکاریکردنی لاوان بوو بۆ بنیاتنانی توانا تەکنیکی و کردارییەکانی لاوان لە بواری پڕۆگرامسازیدا بە مەبەستی ئامادەکردنیان بۆ ژیانی پیشەیی لە بواری تەکنەلۆژیا لە هەرێمی کوردستان.

شایەنی باسە هەندێک لەو لاوانە شارەزایی بەنرخیان لەم کەرتەدا بەدەستهێناوە، ئەمەش رێگەی پێداون هەلی کار بدۆزنەوە و لە ئێستادا دامەزراون.

ڤینا ئەحمەد و یەحیا حەسەن، دوو دەرچووی راهێنانی وی کۆدن، چیرۆکی سەرکەوتنەکانیان بۆ ئامادەبووان باسکرد و چۆنیەتی سوود وەرگرتنیان لە بەرنامەکان روونکردەوە و چۆن توانیویانە لێهاتووییەکانیان بەرەوپێش ببەن تا ئەو رادەیەی توانیان لە دوو کۆمپانیای تەکنەلۆژیای شاری هەولێر دەست بە کار ببن.

 

هەروەها بەشداربووانی چالاکییەکە گوێبیستی بەڕێز ئامانج عەلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کلیک عێراق بوون، کە ئامۆژگاری و پێشنیارەکانی خۆی لەگەڵ دەرچووانی پڕۆژەکە باسکرد.

١١٥ لاوی دەرچوو (٨٧ کوڕ و ٢٨ کچ) لە هەر چوار پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، و هەڵەبجە کە راهێنانەکانی چڕیان تەواو کردبوو لە (Mobile Application Development, Front-End Design & Development, Data Science & Machine Learning) بڕوانامەی دەرچوونیان وەرگرت.

 

لە مەراسیمەکەدا بە ئامانجی دروستکردنی پردێکی بەستنەوە، بەشداربووان لەگەڵ چەندین نوێنەری کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لە هەرێمی کوردستان و ئەکادیمیستەکانی زانکۆکان  کۆبوونەوە.

 

راهێنانەکان پێکهاتبوون لە:

• ٣٩ راهێنانی تەکنیکی (هەر راهێنانێك ٣ کاتژمێر)

• ١٣ هەفتە فێربوونی چڕ (١١٧ کاتژمێر)

• ٥ راهێنانی پەرەپێدانی پیشەیی (٤ کاتژمێر)

• ٢ وانەی میوان (٢ کاتژمێر)

• کۆی گشتی: ١١٧ کاتژمێر راهێنان + ٧٨ کاتژمێر دابینکردنی پشتگیری

• پەرەپێدان و پێشکەشکردنی پڕۆژەی کۆتایی

 

پڕۆژەی (وی كۆد) بریتییە لە ڕاهێنانێکی چڕ، کە بەشێوەی سەرهێڵ (ئۆنلاین) لەلایەن دەزگای روانگە ئه‌نجام ده‌درێت. ئەم پڕۆژەیە تایبەتە بە لاوانی هه‌رێمی كوردستان، و توانای لاوان لە بواری تەکنەلۆژیادا بەهێز دەکات و لەم رێگەیەوە هاوکاریان دەبێت تاکو بتوانن کاریان دەست بکەوێت. پڕۆژەی (وی کۆد) لە چەند قۆناغێک پێکدێت. سەرەتا لێکۆڵینەوەیەک لە بازاڕی کار ئەنجامدراوە سەبارەت بە پێویستی ئەو توانایانەی لە کۆمپانیا تەکنەلۆژیەکان کەمە. دواتر، لە رێگەی پڕۆژەکە راهێنان بە لاوان دەکرێت تایبەت بە کارامەیی و توانایانە تاکو بەهێزبن لەم بوارەدا.لە قۆناغی کۆتاییدا ( دوای ئەوەی لاوەکان راهێنانیان پێدەکرێت)، ئاشنا دەکرێن بەو کۆمپانیایانە تاکو بتوانن لەو بوارەدا کار بکەن.