کەسانی لێقەوماو

دەزگای روانگە رێوڕەسمێکی بۆ زیاتر ناساندنی پرۆژەی 'تەنیا نیت’ ئەنجامدا

Wednesday, February 1, 2023 2:41 AM

هەولێر، کوردستان (٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣)، دەزگای روانگە رێورەسمێکی بۆ ناساندنی پڕۆژەی 'تەنیا نیت'ی سازکرد کە لە خانەی نەوجەوانانی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت، رێورەسمەکە لە ژێر ناونیشانی "بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە پرۆسەی پەروەردەدا، تەنیا نیت وەکو نموونە" ئەنجام درا.


رێورەسمەکە لە هۆتێلی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونی بەڕێز فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، خاتوو زەکیە سید، بریکاری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەلایەتی، لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان، نوێنەرانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. رێورەسمەکە لە ژێر ناونیشانی ‘’بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە پرۆسەی پەروەردەدا’’ بەڕێوەچوو و پڕۆژەی 'تەنیا نیت' کە یەکێکە لە پرۆژەکانی دەزگای روانگە و لە خانەی نەوجەوانانی هەولێر ئەنجام دەدرێت وەکو نموونەیەك باسی لێوە کرا. لە دەست پێکدا چەند ووتەیەك پێشکەشکرا لە لایەن عبدالسلام مەدەنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر.

 

لە میانی مەراسیمەکەدا باس لە پڕۆژەی 'تەنیا نیت' و ئامانج و گرنگییەکانی کرا، یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی پڕۆژەکە دروستکردنی پرۆگرامێکی چاکسازی بوو بۆ رێکخستنی گشت زانیاری و چالاکییە رۆژانە و مانگانەکانی منداڵەکانی ناو خانەکە. پوختەیەك دەربارەی پڕۆگرامەکە بۆ ئامادەبووان خرایە روو و دواتر باس لە گرنگی و کاریگەرییەکانی پڕۆژەکە و هەروەها ئەو ئاڵەنگارییانەی کە رووبەرووی پڕۆژەکە دەبنەوە لە بۆچوونی دەزگای روانگە و بۆچوونی لایەنی حکومی خرایە روو. لە کۆتاییدا باس لە پلانی داهاتووی پڕۆژەکە کرا، و گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام لە نێوان ئامادەبووان و رێکخرانی پڕۆژەکە بەڕێوەچوو.

 

پڕۆژەی ' تەنیا نیت' یەکێکە لە دەستپێشخەرییەکانی دەزگای روانگە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستی پێکرد.

 

پڕۆژەکە بریتیە لە گەشەپێدانی تواناکانی خانەی نەوجەوانانی هەولێر لەچەند ئاستێکدا لەوانە پێشخستنی ئاستی کارگێڕیی خانەکە و پەرەپێدانی ئاستی توێژەرانی کۆمەلایەتی کە لە لایەن کەرتی حکومی و بەشێکی دیکە کە لەلایەن دەزگای روانگە دامەزراون بەدابینکردنی خولی ڕاهێنان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردنیان لەبەڕێوەبردنی کەیسەکان و ئامادەکردنی پلانی هەفتانە و مانگانە بۆ منداڵەکان. تاکو ئێستا ١٥ کارمەندی نوێ لە لایەن دەزگای روانگە خراونەتە سەر کار لە نێو خانەکەدا لە بەش و کارامەیی جیاواز کە پێکدێن لە (دایەن، توێژەری کۆمەڵایەتی، چارەسەرکاری دەروونی، سەرپەرشتیار).

 

هەروەها ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی بە پێی پێداویستیەکانی خانەکە دیزاین کراوە. ئەم بەرنامەیە بەرنامەی ڕاپۆرتی هەفتانە و مانگانە بۆ توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئامادە دەکات. هەروەها بەشێکی تایبەت بە بەڕێوەبردنی کەیسی منداڵان و چاودێریکردنی رەوشی مامۆستایان و دانانی چالاکی پەروەردەیی بۆ منداڵان و فەرمانبەران لەخۆدەگرێت بەپێی پلانێک کە دەزگای روانگە بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دایناوە.