لاوان

ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی هەفتەی داهێنان و نوێگەری لە هەولێر

Tuesday, March 14, 2023 11:08 AM

هەولێر، کوردستان (١٤ی ئازاری ٢٠٢٣) – ئیڤێنتێک لە ژێر ناوی ‘کۆڕبەندی داهێنان’ لەلایەن هەفتەی جیهانی داهێنان و نوێگەری بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای روانگە و فایڤ وەن لابس لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

 

'کۆڕبەندی داهێنان' کۆمەڵگەیەکی جیهانییە کە ئامانجی پەرەپێدان و بەرزکردنەوە و ئاشکراکردنی داهێنان و نوێگەری کۆمەڵگەیە. ئەمساڵ و بۆ ساڵی یەکەم، عێراق بە سەرپەرشتی دەستەی داهێنەری عێراق و بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای روانگە و فایڤ وەن لابس ، میوانداری ئەو کۆڕبەندەی کردووە.

 

کۆڕبەندەکە تیشکی خستە سەر گرنگی ڕۆڵی داهێنان و نوێگەری لە کەرتە سەرەکییەکان و وەک پردێک لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارە زۆرەکاندا کاردەکات. ئەم کۆڕبەندە بەنیازە بەدوای ئەو سیاسەتانەدا بگەڕێت کە کۆمەڵگە زیاتر بەرەوپێش دەبەن لەڕێگەی پەروەردەکردنی داهێنان و نوێگەرییەوە. ١٨ خاوەنکاران شوێنی تایبەتمەندیان بۆ دابینکرا  بۆ نمایشکردنی کارەکانیان و بیرۆکە و بەرهەمە بازرگانییەکانیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

 

میوانەکان بریتی بوون لە بەرپرسانی باڵای حکومی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەرپرسانی دیپلۆماسی، ئەکادیمییەکان، کەرتی تایبەت و هەروەها خاوەنکارەکان. لە کۆتایی کۆڕەکەدا، بەشداربووان چێژیان لە نمایشکردنی پێشانگایەکی داهێنەرانە وەرگرت، کە تێیدا چەند لاوێکی خاوەنکار بۆ نمایشکردنی بیرۆکەکانیان و ژمارەیەک وێنەکێش ئامادەبوون کە لە ڕێگەی هونەرەوە داهێنەری خۆیان نیشان دا.

 

سەرەتای چالاکییەکە بە وتارێکی دەستپێك لەلایەن دکتۆر جیم فریدمان (بەڕێوەبەری هەفتەی جیهانی داهێنان و نوێگەری) دەستیپێکرد. دواتر پانێڵێک لە ژێر ناونیشانی 'کۆمەڵگەیەک بە داهێنەرانە بیردەکاتەوە و کاردەکات' ئەنجامدرا  بە بەشداری عبدالسلام مەدەنی (سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە)، مستەفا داود (بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە رێکخراوی المحطة)، د.رۆژین کەمال (بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کەلەپووری کولتووری)، زامۆ دانا ( دامەزرێنەری کۆمپانیای Zdr) و بە سەرپەرشتی یادگار فایەق بەڕێوەچوو.

 

پانێڵەکە چەندین بابەتی لەخۆگرتبوو لەوانەپێناسەی داهێنان بە شێوەیەکی گشتی، چۆن لاوان دەتوانن داهێنەر بن، هەروەها ئاستەنگەکانی رووبەرووی کەسانی داهێنەر دەبنەوە، ئامانجی پانێلەکە بریتی بوو لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە هانی داهێنان و نوێگەری بدات، بە تایبەتی لە نێو لاواندا. هەروەها بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی لە رێگەی داهێنانەوە.

 

دوای پانێڵەکە، میوانەکان گەشتێکیان بەناو هۆڵەکەدا کرد بۆ بینین و  زیاتر ناسینی ئەو لاوە خاوەنکارانەی کە لەوێ ئامادە بوون و بزنسەکانیان نیشان دەدا، و زیاتر دەربارەی کۆمپانیا و بەرهەمەکانیان بزانن بۆ پشتگیری کردنی کارەکانیان.

 

هەفتەی داهێنان و نوێگەری لە ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن دامەزرێنەری داهێنەری کەنەدا دامەزراوە و لەلایەن بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیری کراوە. ساڵانە رۆژی ٢١ی نیسان تایبەتە بە ئاهەنگگێڕان و هاندانی داهێنان و نوێگەری  لە ئاستی جیهانیدا. ئەو بۆنە و چالاکییانەی کە لە ١٤٠ وڵاتدا بەڕێوەدەچن، گرنگییەکانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە کۆمەڵایەتییەکان و هاندانی گەشەی ئابووریدا دەردەخەن. لە ساڵی ٢٠٢٣وە عێراق بە فەرمی پەیوەندی بەو کۆمەڵگەیە کردووە و بەشداری لە ئاهەنگی ساڵانەی نێودەوڵەتیدا دەکات.

 

سپۆنسەرەکانی ئەمساڵ بۆ کۆڕبەندەکە بریتی بوون لە: کۆمپانیای HMH وەک سپۆنسەر و تۆڕی میدیایی ڕووداو وەک سپۆنسەری میدیایی.