ژینگە

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای گرۆسیس وۆتەربۆکس بۆ چاندنی دار بۆ یەکەمجار لە عێراق

Tuesday, May 16, 2023 8:00 AM

هەولێر، کوردستان (15ی ئایاری 2023) - رێوڕەسمی چاندنی 5000 دار لە کۆلێژى کشتوکاڵى زانکۆى سەڵاحەددین بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای (گرۆسیس وۆتەربۆکس) بەڕێوەچوو.

 

رێورەسمەکە بە ئامادەبوونی خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، عبدالرحمن صدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگە، پ.ی.د.کامەران یونس، سەرۆكی زانکۆی سەڵاحەدین، خاتوو ئیکرام ئەل هونی، جێگری بەرێوەبەری ئۆفیسی رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، کۆنسوڵخانەکانی تورکیا، هۆڵەندا، و ئەردەن، چەندین میوانی دیکە لە لایەنە پەیوەندیدارە حکومی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدرا.

 

چالاکییەکە بەشێکە لە پڕۆژەی 'بنیاتنانی خۆراگری بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراك لە عێراق' کە لە لایەن دەزگای روانگە بە هاوبەشی لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانی جێبەجێ دەکرێت و لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیا کۆمەکی دارایی کراوە. ئەم قۆناغە بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین ئەنجامدرا و تێیدا (5000) نەمامى بەردار و بێبەری لەسەر رووبەرى (26) دۆنم لە کۆلێژى کشتوکاڵى زانکۆى سەڵاحەددین بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆجیای (گرۆسیس وۆتەربۆکس) چاندووە.

 

بەهۆی کاریگەرییە بەردەوامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی رێژەی کاربۆن، ژینگەی سروشتی ئێمە بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو تێکچوون دەچێت و دەبێتە هۆی فراوانبوونی بیابانەکان. ئەم فراوانبوونەش دەبێتە هۆێ لەدەست دانی زەوییە بەپیتەکەمان، کە کێشەی گەورە دروست دەکات بۆ مانەوەی رووەك و ئاژەڵەکان.

 

یەکێک لە چارەسەرە کاریگەرەکان بۆ پاراستنی سیستەمە ژینگەییەکان و دووبارە سەوز کردنەوەی بریتییە لە سندوقی ئاوی گرۆسیس (گرۆسیس وۆتەربۆکس). ئەم تەکنیکە داهێنەرانەیە هاوشێوەی پرۆسەی سروشتی چاندن و گەشەکردنی نەمامەکانن. بۆکسەکان لەسەر ڕووی زەوی دادەنرێن و  هاوشێوەی  کۆگایەکی پاراستن و کۆکردنەوەی ئاو کار دەکەن، ئەم تەکنیکە دڵنیایی ئەوە دەدات کە کاتێك نەمامێك دەچێنرێت، بە شێوەیەکی گونجاو بە شێداری دەمێنێتەوە و پارێزراو دەبێت لە بارودۆخی ژینگەیی سەخت. بەجۆرێک کە لەماوەى یەك مانگدا تەنها یەك جار( 15 لتر ) ئاویان پێویستە.

 

کاتێک نەمامەکان گەورە دەبن، ئاو دەچێتە ناو چینەکانی سەرەوە و خوارەوەی سندوقەکە. لە کاتێکدا پلەی گەرما بە درێژایی ڕۆژ و شەو دەگۆڕێت، شێیەکە بە بەردەوامی لە ناو نەمامەکەدا خۆی دەگونجێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ڕێگەی پەتێکەوە بە سیستەمی مووین ئاو بۆ نەمامەکە دابین دەکات بە پێی پێویست، بۆ دڵنیابوون لە گەشەکردن و گەشەپێدانی بەردەوامی نەمامەکە. هەر بۆکسێك دەتوانرێت 10 جار بەکاربهێنرێتەوە و بەم شێوەیە دەتوانرێت هەر بۆکسێك 10 - 40 داری پێ بچێندرێت.

 

جۆر و ژمارەی درەختەکان کە لە زانکۆکەدا چاندران بریتیبوون لە:

·       هەنجیر: 400

·       هەناری هەڵەبجە: 630

·       زەیتونی ئیسپانی: 630

·       مزرەمەنی عێراقی (لیمۆ و پرتەقاڵ): 1700

·       سەرووی عاموودی: 1640

 

لە دوای رێورەسمی ناساندنی پڕۆژەکە، ئامادەبووان پێکەوە بەرەو شوێنی چاندنی دارەکان رۆیشتن بۆ بینینی شێوازی کارکردن و تایبەتمەندییەکانی تەکنەلۆجیای گرۆسیس وۆتەربۆکس. هەروەها پڕۆسەی چاندنی دارەکان لە لایەن میوانەکانەوە ئەنجامدرا.

ئەم پڕۆژەیە پێک دێت لە سێ قۆناغی سەرەکی، کە قۆناغی یەکەم وۆرکشۆپی بەهێزکردنی تواناکانی لەخۆگرت بۆ کارمەندە حکومییەکانی بەشەکانی کشتوکاڵ و دارستانەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆك، و سلێمانی. و بێجگە لە قۆناغی ئەمڕۆش کە چاندنی 5000 دار بوو،  قۆناغی کۆتایی بریتی دەبێت لە چاندنی 30 هەزار نەمام بە بەکارهێنانی 30 هەزار سندوقی دیکەی گرۆسیس وۆتەربۆکس لە شاری هەولێر.

 

ئەم پڕۆژەیە بەشداری هەوڵی نەتەوەیی دەکات بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی سەوزایی بەردەوام. مەبەست لە پڕۆژەکە پاراستن و چاککردنەوەی ئەو بەشە تێکچووانەی دارستانەکانە کە بەهۆی چالاکییە مرۆییەکان و کارەساتە سروشتییەکانەوە تووشی داڕمان بوون، هەروەها کار لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی` فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی دارستانەکان دەکات.