ژینگە

چاندنى 1000 دار لەهەولێر

Monday, May 6, 2024 5:05 PM

بەمەبەستى هەوڵدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادکردنی دارستانی سروشتی و ناوشار لە هەرێمی کوردستان، دەزگاى روانگە بە سپۆنسەرى کۆمپانیاى ئۆڤڵ 1000 نەمامى جۆرى سیسەمى لە گەڕەکى زەیتون+ لەشارى هەولێر چاند..

 لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نەبوونى دارستان وسەوزاریی لە ناوچە نیشتەجێکان کاریگەرى ژبنگەیی خراپى کردووەتە سەر کەشوهەواى شارەکان, بۆیە زیادکردنەوە و بنیاتنانەوەی دارستانەکان پێویستییەکی ناوچەکەمانە، جگە لەوەش، چاندنی ژمارەیەکی زۆری دار بە شێوازێکی دروست بە یەکێك لە هەوڵە سەرکەوتووەکان دادەندرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.

 

ئامانجی پڕۆژەکە

- هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوای لە هەرێمی کوردستان.
- هاندانی کولتووری دارچاندن لەناو کۆمەڵگەی کوردستان.
- دووبارە سەوزکردنەوەی گەرەک و ناوچە نیشتەجێبووەکان لە هەرێمی کوردستان.

 

بۆچی داری سیسەم هەڵبژێردراوە؟

داری سیسەم گونجاوە لەگەڵ ژینگەی کوردستان، بیرۆکەکە تەنها چاندنی سیسەم نییە، بەڵکو ئەم جۆرە دارە بەیەکێک لە گونجاوترین دارەکان دادەنرێت بۆ گەشەکردن لەناوشارەکان ، جگە لەوەی کە تەبایە لەگەڵ ژینگەی هەرێمی کوردستان ، دارێکی خۆڕاگر و دێمی و بەهێزە. بەرگەی گەرمای هاوین دەگرێت و گەشەى زۆر بەهێزە لەچاو دارەکانى تر.

ئەم پرۆژەیە چ دەگۆرێت؟

چاندنى 1000 نەمام دەبێتە هۆى هەڵمژینی بڕی 24 تۆن دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵێکدا و بەرهەمهێنانی 118 تۆن هەوای پاک و ئۆکسجین لە هەمان ساڵدا. ئەمە جگە لە گلدانەوەی تۆز و خۆڵ و مادە زیان بەخشەکان رۆژانە هەڵیان دەمژین. دروست کردنی سێبەر بۆ 6.000 مەتر چوارگۆشە و گەرانەوەی چەندەها جۆری باڵندە و گیانلەبەر بۆ ناو ئەو ژینگەیەی کە پێویستە لێى بژین نەک ژیان لە ناو کونی بلۆکەکان و بنمیچی دیوارە کۆنکریتیەکان.