رەند ئاری - پلاتفۆرمی بیرۆکەکەم وەبەربهێنە

من رەند ئاریم، ددانساز و دامەزرێنەری SmartMED ( دەستپێکێکی نوێ بۆ پاراستنی ژیان). لە ساڵی سێهەمم لە کۆلێژ، بابەتێکمان دەخوێند سەبارەت بەوەی کە چۆن خوێندنەوەی هەڵەی ڕەچەتەی دکتۆر دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەندروستی نەخۆشێک هەبێت، چۆن mg 1.0 بە 10mgخوێندراوەتەوە ، من و هاوڕێکەم بیرۆکەیەکمان هەبوو بۆ ئەوەی ڕەچەتەی ئەلکترۆنی پەرە پێبدەین بۆ ڕێگەگرتن لەم جۆرە هەڵانە.

 

لە چوارەمین ساڵی خوێندن، لەگەڵ رێنوار ئاوات کە یەکێکە لە دامەزرێنەرەکان و هەروەها پزیشکی ددان و گەشەپێدەری وێبە دەستمان کرد بە کارکردن لەسەر پرۆژەکە. لە کۆتایی ساڵدا، نموونەی سەرەتایی SmartMEDمان دروست کرد کە تەنیا یەک تایبەتمەندی لەخۆ دەگرت ئەویش ڕەچەتەی ئەلیکترۆنی بوو پاشان لەگەڵ دوو دامەزرێنەری تری SmartMED دانیشتین و بیرۆکەیەکمان هەبوو بۆ زیاتر پەرەپێدان بە نموونەی سەرەتایی و زیادکردنی تایبەتمەندی نوێ وەک بەڕێوەبردنی دیدەنی نەخۆش و بەڕێوەبردنی فایلی نەخۆش پاشان ئەوە دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئێمە بۆ گەشەپێدانی بەرنامەکەمان بۆ ئەوەی پێویستی بازاڕ جێبەجێ بکات.

 

لە ئەیلولی 2017، ئێمە نموونەی سەرەتاییمان خستە ناو بازاڕ. لە سەرەتادا، ڕازی کردنی دکتۆرەکان و بازرگانیەکانی کەرتی تەندروستی زەحمەت بوو بۆ بە دیجیتاڵکردنی کارەکانیان. ئێمە تەنها 2 کڕیارمان هەبوو لە یەکەم مانگی کارکردنماندا، بەڵام باوەڕمان بە کار و تواناکانمان هەبوو. دوای چەند مانگێک بە هێواشی دەستمان بە گەورەبوون کرد. لەگەڵ دابینکردنی بەرنامەکەمان وەک خزمەتگوزاری و  کەمترین بڕی پارە دان بە بەراورد لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزاری و هاریکاری جۆری، توانیمان فرۆشتنەکانمان زیاد بکەین.

 

لەساڵی 2020ەوە دەستمانکرد بەبەشداریکردن لەپڕۆگرامەکانی گەشەپێدانی بازرگانی وەک بەرنامەکانی دەزگای روانگە و دوای بەشداریکردن لەچەند بەرنامەیەک دەیان سەعاتی وانە گوتنەوە و خەڵات وەرگرتن بۆ سێ جار، توانیمان زیاتر پەرە بە بزنسەکەمان بدەین بۆ دابینکردنی چارەسەرێک بۆ SmartMED لە ئێستادا 7 کارمەندمان هەیە لەگەڵ دامەزرێنەرەکان. ئێمە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەین و کڕیارمان هەیە لەناوەڕاست و باشووری عێراقیش زیاتر لە 100 کڕیارمان هەیە کە بریتین لە کلینیکی پزیشکی، نەخۆشخانە، تاقیگە، دەرمانخانە، و کۆمپانیای دەرمان.

 

لە ساڵی 2021دا بەشداریمان لە پلاتفۆرمی 'بیرۆکەکەم وەبەربهێنە' کرد کە لە لایەن دەزگای روانگەوە جێبەجێکرا، ئەمە دەرفەتێکی دا بە ئێمە بۆ پێشکەشکردنی کارەکانمان لە هایتێکس 2021. روانگە لە ڕێگەی بەرنامەیەکی یەک ساڵەیەوە بەردەوام بوو لە پشتگیریەکانیان و گەیاندنی بابەتەکانی وەک بەڕێوەبردنی دارایی ،  بە بازاڕکردن ، فرۆشتن و گەیاندنی بیرۆکە... هتد. لە هایتێکس 2022، بەشداریمان کرد لە پرۆگرامی کۆبەخشی روانگە  2022 لە هایتێکس کە پێشبڕکێیەکی پێشکەشکردنی بیرۆکەکان بوو و توانیمان پلەی یەکەم بە دەست بهێنین

 

پلانی ئێمە ئەوەیە کە کۆمەکەکەی روانگە بەکاربهێنین بۆ پەرەپێدانی بزنسەکەمان بە زیادکردنی تایبەتمەندی نوێ و پەرەپێدانی خزمەتگوزاری نوێ بۆ کڕیارەکانمان و هەروەها فراوانکردنی فرۆشتن و بازاڕکردن و ئەنجامدانی توێژینەوەی بازاڕ.