داناز کامەران - پڕۆژەى کتێبى روانگە

 

داناز خۆشناو؛ تەمەن 12 ساڵ یەکێکە لە براوەکانی پڕۆژەى کتێبى روانگە  بۆ ساڵی 2019، توانی ببێت بە یەکێک لە براوەکانی پێشبڕکێیەکى کتێب لە سەر ئاستی کوردستان کە ژمارەیەکى زۆر لە بەشداربووان بەشداریان تێدا کردبوو.


وەک سەرسامییەک بە باوکی؛ کە نووسەر و کاریکاتێرستە؛ لەتەمەنی ٨ ساڵییەوە دەنووسێت؛ وێنە دەکێشێت و کارى دەستى ئەنجام دەدات، جگە لە ئەندامانى خێزانەکەی؛ کەسى دیکە لەم بەهرانە ئاگادارنەبوون. هیچ دەرفەتێک نەبوو کارەکانی نمایش بکات؛ هەرچەندە لە قوتابخانە دیواربەندى جوانی دروست دەکرد. بەڵام وێنە و نووسینەکانی هەر لە دەفتەرەکانى خۆی دەمانەوە.



کاتێک لەڕێگەى باوکیەوە ئاگادارى پڕۆژەى کتێبى روانگە بوو، ئارەزووی کرد بەشداربێت و ئەم  هەلە بقۆزێتەوە و بەشێک لە نووسینەکانی بخاتەڕوو، بێگوومان ئەم کارەش بە پشتگیرى ئەندامانى خێزانەکەی بوو. کە هانیاندا بەشداربێت.  ئەوەبوو بڕیاریدا بە بەسەرهاتى "کۆترە سپییەکەم" بەشداربێت؛ کە بەهەمان سادەیی و ساکارى نووسینەکانی لە پەڕاوى رۆژانەی؛ ئەم شێوە نووسینەی خستەڕوو. دواتریش کاتێ زانی کە کتێبەکەی بە یەکێک لە سەرکەوتووەکان دەست نیشانکراوە شاگەشکە بوو و سوپاسى لێژنەى هەڵسەنگاندنی کرد بۆ متمانە و سینەفراوانیان. 



بێگومان بە ده ست هێنانی خەڵاتێکى وا لەم تەمەنە؛ خەونێکە و هاتەدى. ئەمەش پاڵى پێوەنا کە دوو چیرۆکى دیکە بنووسێتەوە؛ کە بڕیار وایە وێنەکانى چیرۆکى (ماڵى ماسییەکان) بەدەستی خۆی بکێشێت. 

گومانى تێدانییە ئەم خەڵاتە توانا و بەهرەکانی بە خوێنەران نیشاندا؛ لەهەمان کاتدا متمانەبەخۆبوونى لای گەوەرترکرد؛ داناز هیوادارە لەدواڕۆژدا وەک باوکی ببێت بە رۆژنامەنووس و بەرەو ئەو  جیهانە بڕوات و پەیڤى کوردى بە جیهان بگەیەنێت.