پەروەردە و فێرکردن

دەزگای روانگە قوتابخانەیەکی ٦ پۆلی لە گوندی هەڤندکە دروست دەکات

Sunday, May 23, 2021 12:09 AM

لە رێکەوتی ٢٢ی ئایاری ٢٠٢١ دەزگای روانگە لە رێورەسمێکدا و بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان قوتابخانەیەکی ٦ پۆلی رادەستی وەزارەتی پەروەردە کرد کە لەلایەن دەزگای روانگە بۆ قوتابیانی گوندی هەڤندکا درواستکراوە.


دروستکردنی قوتابخانەکە ٤ مانگی خایاند و لەسەر زەوییەکی رووبەری ١٦٢٠م² دروستکراوە. تێچووی پرۆژەکە   ٣٣٠،٥٢٣$  دۆلار بوو، قوتابخانەکە لە ٦ پۆل پێکهاتووە و لە قۆناغی ١ تاوەکوو ٦ی سەرەتایی لەخۆ دەگرێت ، هەروەها ژووری بەڕێوەبەر، ٢ ژووری مامۆستایان، هۆڵێکی گەورە، و ژووری ئەرشیف لە خۆ دەگرێت.

 

رێورەسمەکە بە ئامادەبوونی بەرێز  (ئالان  حەمە سەعید ) وەزیری پەروەردە، بەرێز (بەشدار عبد الخالق خۆشناو  )بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی ھەولێر، بەرێوەبەری دەزگای روانگە، مامۆستا (شێرزاد حمەدمین ) بەرێوەبەری سەرپەرشتی کردن،  بەرێز (غفور احمد سوار )قایمقامی  مێرگەسۆر و  مامۆستا (احمد محمد نوح)بەرێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر بەڕێوەچوو.

لە رێورەسمەکەدا، قوتابخانەکە رادەستی وەزارەتی پەروەردەکرا. وەزیری پەروەردە، بەڕێز ئالان حەمە سەعید گوتی ''سوپاسی دەزگای روانگە دەکەین کە هاوکارێکی باشی وزارەتەکەمانە چ لە ئاستی زانستی و فێربوون وەکو هەڵسەنگاندنی قوتابیان لە وانەی بیرکاری لە رێگەی پێشبڕکێی بیرکاری و چ لە ئاستی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان کە تاکو ئێستا زیاتر لە ١٠٠ قوتابخانەی نۆژەنکردۆتەوە''.

 

هەروەها دروستکردنی یاریگای تایبەت بە تۆپی بالە و چەندین خزمەتگوزاری دیکە لە ناو قوتابخانەکە بۆ قوتابیان و مامۆستایان دابینکراوە وەکو (دوو ژووری نوێژکردن، دوو دەستشۆر بۆ  قوتابیانی کوڕ و کچ، دوو دەستشۆری تایبەت بۆ مامۆستایان، حانوت و کۆگایەك، و  گۆرەپانی کۆبوونەوەی قوتابیان).

بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە، عبدالسلام مدنی گوتی ''کەرتی گشتی، کەرتی تایبەتی و کەرتی مەدەنی دەبێت لە کۆمەڵگەدا پلان دابنێن و ببنە تەواوکەری یەکتر بۆ بونیادنانی کۆمەڵگە، دەزگای روانگە بە پێی ئەم بیروباوەڕە کار دەکات و پڕۆژەکانی ئەنجام دەدات، بە تایبەتی بۆ پڕۆسەی پەروەردەیی، کە شوناسی گەلە و دەبێت هەموو لایەنەکان بەشداربن بۆ سەرخستنی''.

 

زیاتر لە ١٥٠  کەس لە دروستکردنی قوتابخانەکە بەشداربوون کە بریتین لە (ئەندازیاری شارستانی، ئەندازیاری تەلارساز، و هەروەها چەند ستافێکی  کاری (کۆنکڕیت، گەچکاری، سیرامیك و مۆزایك).  زیاتر لە ٦٠ قوتابی لە قوتابخانەکە دەخوێنن و ٨ مامۆستا وانە دەڵێنەوە و ٥ کارگوزار دەست بەکار دەبن. هاوکات، زیاتر لە ٩٥ کەس بە شێوەیەکی راستەخۆ و زیاتر لە ٢٦٨ کەس بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ لە قوتابخانەکە سوودمەند دەبن.

پێشتر قوتابخانەکە لە مانگی  کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ کارەکانی تەواوبوو بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەتوانرا رێورەسمی کردنەوەی قوتابخانەکە ئەنجامبدرێت.


شایەنی باسە کە دەزگای روانگە لە رێکەوتی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠١٩ قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی لە ناوچەی وڵات ژێری دروستکرد کە دروستکردنی قوتابخانەکە ٨ مانگی خایاند و تێچووی پرۆژەکە   ٧٠٠,٠٠٠ دۆلار بوو. قوتابخانەکە لە قۆناغی ٧ تاوەکوو ١٢ی ئامادەیی لەخۆ دەگرێت و توانای لە خۆ گرتنی زیاتر لە ٤٥٠ قوتابی هەیە، چەندین تاقیگەی تایبەت بە وانەکانی زیندەوەرزانی و فیزیا و کۆمپیوتەری و یاریگای تایبەت بە تۆپی بالە و تۆپی سەبەتە لە خۆ دەگرێت.

دەزگای روانگە لە سەرەتای دامەزداندنی و لە ٨ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ قوتابخانەی نۆژەنکردەوە و پێداویستی قوتابخانەیان بۆ دابینکردوون لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.